بانگەشەی ئەوە کرا کە ئێف بی ئای لە ماڵی ترەمپ بە دوای بەڵگەدا گەڕاوە لەبارەی چەکی ئەتۆمی
دیجیتال میدیای سپێده
بانگەشەی ئەوە کرا پۆلیسی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی کە سەرەتای هەفتە هەڵیکوتایە سەر ماڵی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ Mar-a-Lago لە فلۆریدا، بە دوای بەڵگەی نهێنییدا گەڕاوە لەبارەی چەکی ئەتۆمی.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە هەواڵێکیدا کە بە پشت بەستن بەو سەرچاوانەی ئاگاداری لێکۆڵینەوەکەن بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە بەرپرسان پێیانوایە ئەو بەڵگانەی زانیاری نهێنییان تێدایە لەبارەی چەکی ئەتۆمیی لە ماڵەکەی ترەمپدا بن و، نیگەرانن لەوەی بکەوێتە دەست لایەنی ناتەندروست.
لە هەواڵەکەدا وردەکاری نەخراوەتەڕوو سەبارەت بە سەرچاوە پەیوەندیدارەکان، پۆلیسی ئێف بی ئای بە دوای چ جۆرە بەڵگەیەکدا گەڕاوە، زانیاری ئەو چەکە ئەتۆمیانە هی ئەمریکان یان لایەنی دیکە، یان لە خانووەکەی ترەمپدا هیچ بەڵگەیەکی لەو جۆرە دۆزراوەتەوە یان نا.
لای خۆیەوە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەیانی ئەمڕۆ لە لێدوانێکیدا سەبارەت بەو هەواڵانەی بڵاوبوونەوەتە، بابەتی چەکی ئەتۆمی بە 'فێڵ و تەڵەکە' ناوبرد و، ئێف بی ئای تۆمەتبار کرد بەوەی خۆی بەڵگەی داناوە بێ ئەوەی هیچ زانیارییەک بخاتەڕوو کە شتێکی لەو شێوەیە بوونی هەیە.
لە هەشتی ئابدا، پۆلیسی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی(ئێف بی ئای) پشکنین بۆ ماڵەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ Mar-A-Lago ئەنجامدا لە فلۆریدا.
لەو بارەیەوە ترەمپ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە 'لەئێستادا کۆشکە جوانەکەم Mar-A-Lago لە پاڵم بیچ لە فلۆریدا گەمارۆ دراوە و لەلایەن گرووپێکی گەورەی ئێف بی ئای-یەوە هەڵکوتاوە سەری و داگیرکراوە، ئەمە ساتێکی تاریکە بۆ گەلەکەمان. پێشتر هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا شتێکی لەو شێوەیەی بەسەردا نەهاتووە'.
لەو هەڵمەتەدا کە نزیکەی ٤٠ پۆلیسی ئێف بی ئای بەشداربوون و زیاتر لە نۆ کاتژمێر گەڕان و پشکنینیان ئەنجامدا، باس لەوە کرا کە ١٢ سندووق بەڵگە کۆکراوەتەوە.
ترەمپ ئەمڕۆ بڵاویکردەوە کە لاری نییە لە بڵاوکردنەوەی فەرمانی گەڕان و پشکنینەکە بۆ رای گشتیی.