هەواڵی کوردستان ئێستا

حکوومەتی عێراق: "دابه‌شكردنی مووچە رانەگیراوە"

حکوومەتی عێراق:
حکوومەتی عێراق: "دابه‌شكردنی مووچە رانەگیراوە"

2022-08-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەللاوی رەتی کردەوە دابه‌شكردنی مووچە راگیرا بێت و رایگه‌یاند: "ئەگەر بوودجەی گشتیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ نەبێت، ئەوا حکوومەت بەپێی بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١، مووچە و خەرجییەکان دابین دەکات".

عەلی عەللاوی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی نیمچە فەرمیی عێراقییە رایگه‌یاند: "ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە راگرتنی مووچە یان کاریگەریی قەیرانی سیاسیی ئێستا لەسەر مووچە دەکەن، دوورن لە راستییەوە".

راشیگه‌یاندووه‌: "کارەکانی حکوومەت بەھۆی نەبوونی بوودجەوە راناوەستن، چونکە بوودجەیەکی دیکە ھەیە کە ھی ساڵی ٢٠٢١ە و حکوومەت دەتوانێت لە رێگایەوە خەرجییەکانی بە بڕی ١٠٠ تا ١٢٠ تریلیۆن دینار، پێ دابین بکات".

وەزیری دارایی عێراق هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌ :"ئەگەر بوودجە و یاسایەکی ھاوشێوەی یاسای پشتیوانیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ نەبێت، ئەوا حکوومەت بەپێی بودجەی ٢٠٢١ مووچە و خەرجییەکان دابین بکات".

وەزیری دارایی عێراق باسی لەوەش کردووە ئەگەر بوودجە نەبێت، حکوومەت ناتوانێت پرۆژە و وەبەرھێنانی نوێ بکات، چونکە دەستبەستراو دەبێت بە بوودجەی ساڵی رابردووه‌وه‌.

ئه‌م گوتانه‌ی وه‌زیری دارای عێراق دوای ئەوە دێت دوێنێ شەممە ١٣ی ئابی ٢٠٢٢، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی سادیقوون، نەعیم عەبودی لە تویتێکدا رایگەیاندبوو: "ئەگەر دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پەسندکردنی بوودجە ئەنجام نەدرێت، ئەوا دابه‌شكردنی مووچە رادەگیرێت".