رووسیا کوژرانی 100 جەنگاوەری بەکرێگیراوی پۆڵەندی و ئەڵمانی لە ئۆکرانیا راگەیاند
دیجیتاڵ میدیای سپێده
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ رایگەیاند کە ١٠٠ جەنگاوەری بەکرێگیراوی پۆڵەندی و ئەڵمانی لە ناوچەی خارکێڤ رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کوژراون.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لەوە کرد کە لە رێگەی مووشەکی هەستیارەوە دوو بارەگای سەرەکی وێستگەی کارەبا لە کار خراون و رایگەیاند 'هێرش کرایە سەر ناوەندێک لە نزیک یەکەی نیشتەجێبوونی زۆلۆچیڤ لە ناوچەی خارکێڤ کە تیایدا جەنگاوەرانی بەکرێگیراو بەشێوەیەکی کاتیی دەمێننەوە و لە ئاکامدا، ١٠٠ جەنگاوەری بەکرێگیراوی پۆڵەندی و ئەڵمانی کوژران و ٥٠ی دیکەش برینداربوون'.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئاکامی هێرشێکدا بۆسەر لیوای ٦٣ی سوپای ئۆکراینا لە ناوچەی خێرسۆن، ١٦٠ سەرباز کوژراون و لە ناوچەی دۆنێتسک-یش ٢٦٠ سەرباز کوژراون.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لەوە کرد کە سوپای وڵاتەکەی بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر ئامانجە سەربازییەکانی ئۆکراینا و چەند بارەگایەکی سەرەکی، چوار کۆگای چەک و تەقەمەنی و دوو کۆگای سووتەمەنی لەناوبراون.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئەوەشی خستەڕوو کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خستووەتەخوارەوە و راشیگەیاند 'تا ئەمڕۆ ٢٦٧ فڕۆکە، ١٤٨ هێلیکۆپتەر، هەزار و ٧٤١ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ٣٦٥ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی، چوار ھەزار و ٣١١ تانک و زریپۆش، ٧٩٩ مووشەکهاوێژ، سێ هەزار و ٣٠٤ تۆپهاوێژ و هاوەن، چوار هەزار و ٨٩١ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون".