ئێران: تا نیوە شەوی ئهمشهو وەڵامی رەشنووسەکەی یەکێتیی ئەورووپا دەدەینەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاشكرایكرد، وەڵامی نووسراوی وڵاتەکەی بۆ ئەو رەشنووسەی کە یەکێتیی ئەورووپا دەربارەی رێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەشی کردووە تا کاتژمێر ٢٤:٠٠ی ئەمشەو رادەگەیهنن.
لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێک بەبۆنەی "رۆژی رۆژنامەوانان" له تارانی پایتهخت، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ژمارهیهك روونکردنەوەی لەسەر زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بە رۆژنامەوانان دا.
عەبدوڵڵاهیان رایگهیاند: "تا کاتژمێر ٢٤:٠٠ دەقی نووسراوی دوایین هەڵسەنگاندنمان سەبارەت بە رەشنووسی ریککەوتنی ئەتۆمی کە لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە پێشکەش کراوە، دەنێرین".
وهزیری دهرهوهی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی وڵاتهكهی بۆ دانوستان بەرەو ڤیەننا بەڕێکەوتوون و رایگهیاند: "ئەگەر بۆچوونەکانمان پەسەند بکرێت، ئەوا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەدا ئامادەین دوایین دەق پێشكهش بكهین و رێکبکەوین. ئەمریکا، لە دانوستانەکانی ڤیەننا لەسەر پێشنیازی ئێران لە دوو بابەتدا بەشێوەیەکی رێژەیی هاوڕابوو. دەبێت ئەم بابەتانە بکرێتە دەق".
- دانوستانەکانی تایبەت بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران
لە ساڵی ٢٠١٥دا، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما لەگەڵ ئێران پلانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی واژووکرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٨ تاکلایەنە لە رێککەوتننەکە كشایەوە.
کاتێکیش کە لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، جۆ بایدن بووە سەرۆکی نوێی ئەمریکا یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بوو لەگەڵ ئێران، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و دانوستانەکان بە شێوەی پچڕپچڕ لە ڤییەنا بەڕێوەدەچن.
لە لایەک واشنتۆن داوا لە تاران دەکات، بەرپرسیارییەتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەدا جێبەجێ بکات. لە بەرامبەریشدا تاران داوا دەکات ئەمریکا سەرجەم سزاکانی لەسەر ئێران هەڵبگرێت و بەڵێنی ئەوەش بدات کە جارێکی دیکە تاکلایەنە لە رێککەوتننامەکە نەکشێتەوە. هەروەها داوایەکی دیکەی ئێران داخستنی هەموو ئەو لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییە سیاسییانەیە کە لە دژی کراونەتەوە.