90 کەس بەهۆی لافاوەوە لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستدا
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، بەهۆی ئەو کارەساتانەی لافاوەوە کە لە ویلایەتەکانی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان روویانداوە، لانیکەم ٩٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە حکوومەتی کاتی سەربە تاڵیبان، محەمەد نەسیم حەققانی لە بهیاننامهیهكدا ئاشکرای کرد هەفتەی رابردوو، لافاوی بەهێز و کاریگەر لە شەش ویلایەتی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان روویانداوە.
محەمەد نەسیم حەققانی ئاماژەی بەوە دا، بارانباراینی کاریگەر لە ویلایەتەکانی نانگەرهار، پاکتیا، خۆست، لۆگار، مەیدان وەردەک و پەرڤان زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە و رایگەیاند کە لانیکەم ٩٠ کەس بەهۆی ئەو لافاوانەی کە لە هەفتەی رابردوودا روویاندابوو گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون.
محەمەد نەسیم حەققانی راشیگەیاند کە یارمەتیی خۆراک و خیوەت بۆ زیانلێکەوتووانی کارەساتەکە دابین کراوە.
لە بەرامبەردا، قوربانییانی لافاوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو یارمەتییانەی کە قسەیان لەسەر دەکرێت بەس نین.
حەققانی هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەهۆی لافاوەوە زیان به سهدان خانوو و ههزاران دۆنم زهوی كشتوكاڵیش كەوتووه.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە حکوومەتی کاتی سەربە تاڵیبان لە چوار مانگی رابردوودا لە سەرتاسەری وڵات زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئەفغانستان بەردەوام هۆشداری دەدات لە روودانی لافاو بە تایبەت لە ویلایەتەکانی رۆژهەڵات.