رووسیا: 'لە ئۆکرانیا چوار هەزار و 344 تانک و زرێپۆشمان تێکشکاندووە'
دیجیتاڵ میدیای سپێده
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ رایگەیاند کە لە دەستپێکی جەنگی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆکراینا تا ئێستا چوار هەزار و 344 تانک و زرێپۆشی سوپای ئۆکراینایان تێکشکاندووە.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ سەبارەت بە چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ باسی لەوە کرد کە سوپای وڵاتەکەی بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر ئامانجە سەربازییەکانی ئۆکراینا و سوپای ئۆکراینا زیانی بەرچاوی بەرکەوتووە.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە لە ناوچەی خێرسۆن، 40 سەربازی ئۆکراینا کوژراون و 10 ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێکشکێندراون و لە ناوچەی دۆنێتسک لە ئاکامی هێرشێکدا بە مووشەکی هەستیار بۆسەر کۆگایەکی تەقەمەنی سەربە لیوای ٩٥ی سوپای ئۆکراینا زیاتر لە سێ هەزار تۆپ لەناوبراون و 30 سەربازیش کوژراون.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ دەربارەی چالاکییەکانی 24 کاتژمێری رابردوو سوپای رووسیا، باسی لەوە کرد کە نۆ بارەگای سەرەکی، نۆ کۆگای چەک و چوار فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکراینایان تێکشکاندووە.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ راشیگەیاندووە 'تا ئەمڕۆ 267 فڕۆکە، 148 هێلیکۆپتەر، هەزار و 747 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، 365 سیستمی بەرگریی ئاسمانیی، چوار ھەزار و 334 تانک و زریپۆش، 799 مووشەکهاوێژ، سێ هەزار و 310 تۆپهاوێژ و هاوەن، چوار هەزار و 922 ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون".