تەندروستیی جیهانی: "لە هەفتەی رابردوودا نزیکەی حەوت هەزار و ٥٠٠ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموون تۆمارکراوە"
دیجیتال میدیای سپێده
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیموون خێرا بووە و ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوونی هەفتانە لە سەر ئاستی جیهاندا سەدا ٢٠ زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، تیدرۆس ئادھانۆم گیبریسیۆس لە میانی گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە ناوەندی رێکخراوەکە لە جنێڤ ئەنجامیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی پەتای ئاوڵەی مەیموون ئەنجامدا.
گیبریسیۆس ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای ساڵەوە بۆ ئێستا لە ٩٣ وڵات حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون دەستنیشان کراوە و لە ١٦ی ئابەوە کۆی گشتیی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ٣٦ هەزار و ٤١٢ حاڵەت تۆمار کراوە و ١٢ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری گشتیی WHO، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە زۆرترین حاڵەت لە ماوەی هەفتەی رابردوودا تۆمارکراوە و جەختی لەوە کردەوە کە لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا نزیکەی حەوت هەزار و ٥٠٠ حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە و ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوونی هەفتانە سەدا ٢٠ زیادیکردووە.
تیدرۆس ئادھانۆم گیبریسیۆس ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەری هەیە ڤاکسینەکانی دیکەی ئاوڵە کە لە بەردەستدایە کاریگەری لەبەرامبەر ئاوڵەی مەیموون هەبێت بەڵام ئامارەکانی سەبارەت بە دابینکردن و رێژەی کاریگەرییان زۆر سنووردارە.
- رێژەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا سەدا ٣٥ زیادیکردووە
لەلایەکی دیکەوە گيبريسيوس، ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە و رایگەیاند لە ماوەی دوایین هەفتەدا نزیکەی ١٥ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمارکراوە و ئەو ژمارەیە بە بەراوورد لەگەڵ هەفتەی پێشوودا سەدا ٣٥ زیادیکردووە.
گيبريسيوس، باسی لەوەش کرد کە ئەو گیانلەدەستدانەی بە کۆرۆنا زیادی کردووە جێگەی قبوڵ نییە و گوتی: "ئێمە بەدەست ئەم پەتایەوە ماندوو بووین، بەڵام ڤایرۆسەکە پێمانەوە ماندوو نەبوو".
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، تیدرۆس ئادھانۆم گیبریسیۆس زانیاریی ئەوەی بڵاوکردەوە کە زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا بەهۆی جۆری ژێرەوەی BA.5 بووە و بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر بەدواداچوون بۆ ڤایرۆسەکە بکرێت داوای لە وڵاتەکان کرد کە "تواناکانیان لە پشکنین و رێکخستنەوەی جینات کەم نەکەنەوە".