تەقینەوەیەک لە رۆژھەڵاتی خورماتوو ھێزەکانی حەشدی شەعبی کردە ئامانج
دیجیتال میدیای سپێده
لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو رۆژھەڵاتی قەزای خورماتوو سەربە پارێزگای سەڵاحەددین باکووری عێراق، دوو چەکداری حەشدی شەعبی برینداربوون.
دەستەی حەشدی شەعبی بڵاوی کردەوە کە لە میانی قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین" لە رۆژھەڵاتی قەزای خورماتوو، بۆمبێکی چێنراو بە ھێزەکانی لیوای ٥٢ی سەربە حەشدی شەعبیدا تەقییوەتەوە.
راشیگەیاندووە لە ئاکامی تەقینەوەکەدا، دوو چەکداری حەشدی شەعبی برینداربوون.
باسی لەوەش کردووە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی ئابی ٢٠٢٢، ھێزەکانی لیوای ٥٢ی سەربە حەشدی شەعبی قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین"یان لە رۆژھەڵاتی قەزای خورماتوو، دەست پێ کردووە.
پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ، ھێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە بە ھاوبەشی قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین"یان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی چهكدارانی داعش لە پارێزگای دیالە و رۆژھەڵاتی قەزای خورماتوو سەربە پارێزگای سەڵاحەددین دەست پێ کردووە.