گۆتێرێس: کاردەکەین بۆ لابردنی لەمپەرەكانی بەردەم هەناردەکردنی دانەوێڵەی ڕووسیا بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو
دیجیتاڵ میدیای سپێدە
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ شەممە دووپاتیکردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی کە کاریگەرییان لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵەی ڕووسیا بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو هەیە.
گۆتێرێس لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا لە ئەستەنبوڵ وتی: سزاکان (بەسەر رووسیا سەپێندراون) کاریگەرییان لەسەر بەشێک لە کۆمپانیا تایبەتەکان لە رووسیا هەیە، ئێمەش کاردەکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە بۆ ئەوەی بتوانین دانەوێڵەی رووسیا هەناردەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بکەین .
گۆتێرێس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێککەوتنەی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە نێوان تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئۆکرانیا و رووسیا ئەنجامدراوە، گرنگییەکی زۆری هەیە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا و کەمکردنەوەی نرخی خۆراک.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ڕەنگە لە ساڵی ٢٠٢٣دا خۆراکی پێویست نەبێت، بۆیە ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگە بۆ دانیشتوانی جیهان".
ئاماژە بەوەشکراوە، پێشتر دیمتری پێسکۆڤ وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو کە دانەوێڵەی ڕووسیا خواستێکی زۆری لەسەرە، بەڵام بەهۆی سزاکانەوە ئەستەمە بگاتە بازاڕەکانی دەرەوە کۆتایی هات