هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری پێشووی پیشەسازیی عێراق بانگھێشتی لێکۆڵینەوە دەکرێت

وەزیری پێشووی پیشەسازیی عێراق بانگھێشتی لێکۆڵینەوە دەکرێت
وەزیری پێشووی پیشەسازیی عێراق بانگھێشتی لێکۆڵینەوە دەکرێت

2022-08-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند کە وەزیری پێشووی پیشەسازیی عێراق، ساڵح عەبدوڵڵا جبوری بانگھێشتی لێکۆڵینەوە دەکرێت، ئەوەیش دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تیایدا دەردەکەوێت ناوبراو لە پێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسیی، سوێند دەخوات.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق بڵاوی کردەوە کە دادگای دووی لێکۆڵینەوەی کەرخ بڕیاریداوە بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی، لێکۆڵینەوە لە ساڵح عەبدوڵڵا جبوری بکات، ئەوەیش دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تیایدا دەردەکەوێت ناوبراو لە پێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسیی، سوێند دەخوات.

لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە ساڵی ٢٠١٨ تۆمارکراوە، بڵاوبووەتەوە کە تیایدا دەرکەوێت وەزیری پێشووی پیشەسازیی، ساڵح عەبدوڵڵا جبوری بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی پارتی جەماوەریی نیشتمانیی، ئەحمەد جبوری ناسراو بە ئەبو مازن سوێند دەخوات و بەڵێندەدات ھەرچی ئەبو مازن پێی بڵێت لە قسەی دەرنەچێت و جێبەجێی دەکات وەزارەتەکەی لە خزمەت و فەرمانی ئەودا دەبێت.

بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کاردانەوەی توندی شەقامی عێراقی لێکەوتەوە و داوا کرا کە لێکۆڵینەوە لە ساڵح عەبدوڵڵا جبوری بکرێت.

ئەحمەد جبوری ناسراو بە ئەبو مازن کەسایەتییەکی عەرەبی سوننە و سەرۆکی پارتی جەماوەریی نیشتمانییە کە ئێستا خاوەنی چوار کورسییە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و سەربە هاوپەیمانیی عەزمە کە زیاتر لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە نزیکە.