ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە لە سوودان گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 79 کەس
ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە لافاوەکانی وڵاتی سوودان باکووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا، گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٧٩ کەس.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی بەرگریی شارستانی سوودان، عەبدولجەلیل عەبدولڕەحیم لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووتە ٧٩ کەس.
عەبدولجەلیل عەبدولڕەحیم باسی لەوەش کرد کە بەهۆی لافاوەوە ٣٠ کەس برینداربوون و ژمارەیەکی زۆر خانووش زیانیان بەرکەوتووە و گوتی: "جگە لە خەرتومی پایتەخت، زۆربەی ناوچەکانی ١٨ ویلایەتەکانی دیکەی وڵات، بارانی بەلێزمە و لافاو گرتوونیەتەوە".
نووسینگەی کاروباری مرۆیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە بارانی بەلێزمە کاریگەری لەسەر ژیانی ٢٣٦ هەزار هاووڵاتی سوودانی، دروست کردووە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەریی لە سوودان، عەبدولفەتاح بورهان لە ١٤ی ئابدا سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ویلایەتی رووباری نیلی کرد و بەڵێنی هاوکاریکردنی دا بەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە سوودان لەنێوان مانگەکانی تەمووز و تشرینی یەکەمدا بارانی بەلێزمە دەبارێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو، ساڵانەش دەیان کەس بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن، دەیان هەزار خانوو، شوێنکار و کێڵگەی کشتوکاڵی زیانیان بەردەکەوێت.