هەواڵی کوردستان ئێستا

كۆمپانیای پایۆنێر؛ بەهێزترین ڕیكلامی كرد!

كۆمپانیای پایۆنێر؛ بەهێزترین ڕیكلامی كرد!
كۆمپانیای پایۆنێر؛ بەهێزترین ڕیكلامی كرد!

2020-03-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

بیلال سەعید
بەڕێوەبەری ئینستیوتی ئابووری بەژمارە

چۆن به‌رپرسه‌كان ریكلامیان بۆ كۆمپانیایه‌ك كرد؟

نرخی یەك ڕیكلامی یەك چركەیی لە كەناڵە ئاسمانیەكانی كوردستان لە 5 دۆلارەوە بۆ 18 دۆلار دەستپیدەكات، بەڵام كۆمپانیایەكی دەرمانی لە كوردستان بەبەهای 108 هەزار دۆلار ڕیكلامیان لەسەر زاری چەندین بەرپرسی حكومەت و كەرتی تەندروستی گواستەوە بەبی ئەوەی یەك سەنت خەرج بكەن.

لەكاتی ئاسایی ئەگەر كۆمپانیا یان دامەزراوەیەك لەكوردستان بیەوێت لەیەكێك لەكەناڵەكان كە بینەری سنوردارە ڕیكلام بكات پێویستە بۆ یەك چركە ڕیكلام پێنج دۆلار خەرج بكات، بۆیە تەنیا دەركەوتنی لۆگۆیەك دەكرێت بڵین تێچووی لە پێنج دۆلار زیاترە.

كۆمپانیای پایۆنێر كۆمپانیایەكی خۆماڵی بەرهەمهێنان و چارەسەری دەرمانە لە هەرێمی كوردستانە، لەماوەی دوو رۆژ لەنێوان 22-23/3/3030 لەڕێگەی ڕاگەندراوێك و دوو كۆنگرەی رۆژنامەوانی بەرهەمهێنانی دەرمانی چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنای ڕاگەیاند.

دەرمانەكان بریتییە لە (Hydroxychloroquine Sulphate 200 mg tablet)، سەرباری ئامادەكراوی (Azithromycin). بەرهەمەكە لەناو لیستی ئامادەكراوانی كۆمپانیاكەدایە بەناوی (Zitroneer 500 mg).

دكتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی راگەیاندووە ئەو دەرمانەی كۆمپانیای پایۆنێر رایگەیاندووە دەرمانی مەلاریایە و پێشتر كۆمپانیاكە جۆرێكی دروستكردووە، بەڵام ئێستا جۆری دووەمی دەرمانەكە دروست دەكات، بەڵام مەرج نییە هەموو نەخۆشێك پێویستی بەو دەرمانە هەبێت و كەسێك نەگاتە دۆخێكی خراپ، ئەو دەرمانەی بۆ بەكارناهێندرێت.

بابەتە تەندروستییەكەی بۆ من جێگای قسە لەسەركردن نییە، ئەوەی بۆمن گرنگ بوو ئەوەیە كۆمپانیای پایۆنێر بەم هەنگاوەی ڕیكلامێكی بەهێزی بۆ كۆمپانیاكەی كردووە چونكە ئەگەر تەنیا 20 خولەكی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی كۆمپانیای پایۆنێر بۆ یەكجار بڵاوكردنەوە بەنمونە ئەژماربكەین كە 18 كەناڵی میدیایی گواستویەتیەوە وەربگرین ئەوا تێچووی ئەو ڕیكلامە بۆ هەر كەناڵێك 6هەزار دۆلار و كۆی گشتی كەناڵەكان 108 هەزار دۆلارە بووە، بەبی ئەوەی كۆمپانیا یەك سەنت ببەخشێت..
بۆیە ئەوەی لەماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوو كۆمپانیای پایۆنێر كردوویەتی بەناوی دۆزینەوەی چارەسەری كۆرۆنا لە ماركیتین پێدەگوترێت ( Stealth Marketing ) واتە گواستنەوەی زانیاریەك بەبی ئەوەی دەركەوتەی ڕیكلامی هەبێت..
هەر هەولێك كۆمپانیا یان دامەزراوەیەك لەچوارچێوەی ڕیكلام ئەنجامی بدات كاڕێكی ئاسایە و توانا و زیرەكی كۆمپانیا پێشان دەدات، بەڵام بۆ من سەیر بوو كە بەرپرسێكی باڵای هەرێمی كوردستان و هەروەها چەندین میدیا لەكوردستان بكەونە ژێر كاریگەری ڕیكلامێكی شاراوە و بە هەوالێكی تەندروستی بۆ هاوڵاتیانیان گواستەوە..
بەرواری 22/3/ 2020 د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەڕیگەی ڕاگەیەنراوێكی رۆژنامەوانیەوە مژدەی دورستكردنی دەرمانی دژی كۆرۆنای لە سلێمانی دا بە خەڵكی و گوتی، كۆمپانیای پایۆنێر كاردەكات بۆ ئەوەی مانگی داهاتوو دەرمانەكە ئامادە بكرێت و بەگوتەی ئەو، بێ بەرامبەر دەدرێت بە نەخۆشەكان.
هەروەها لەماوەی دوو رۆژدا و لەدوو كاتی جیاواز لەبەرواری 22-23/3/2020 كۆمپانیای پایۆنێر دوو كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجامداوە كە تەنیا جیاوازیەكەی دەركەوتنی سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمپانیا و ژمارەی میدیاكانی بەشدارە لەگواستنەوەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان.
سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای پایۆنێر، سەعد فایەق كۆڵەك ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەو دەرمانەی دروستمان كردوە بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنایەو لە داهاتوویەكی نزیكدا بۆ چارەسەری بەركەوتووانی ئەو ڤایرۆسە بەكار دەهێنرێت.

هەروەها د.شوان كەمال بەڕێوەبەری كوالیتی لەكۆمپانیای پایۆنێر ڕایگەیاندووە:" كۆمپانیاكەمان بەردەوام چاودێری ئەنجامی توێژینەوەی سەرجەم سەنتەر و زانكۆكانی جیهان دەكات، بۆیە لەئێستادا گەیشتنە ئەوەی ئەو دەرمانەی لەجیهاندا بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاردێت بەرهەمی بهێنن".
بەوردبوونەوە لە پەیامی ڕاگەیەنراو و كۆنگرە رۆژنامەوانیەكانی كۆمپانیا دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە ئەوەی كۆمپانیای پایۆنێر كردوویەتی هێچ داهێنانێكی تێدانییە و دەرمانەكە بوونی هەیە و ئەسڵەن بۆ كۆرۆنا دروستنەكراوەو هێشتا لەسەر ئاستی جیهانیش نەسەلمێنراوە كە چارەسەری كۆرۆنایە بەڵام دەگوترێت لەچەند تیستی ئەنجامی باشی هەبووە، ئەگەرنا ئەوەی هەیە ڤاكسینی كۆرۆنا نییە كە ئێستا جیهان پێوە سەرقاڵە!
بۆیە دەكرێت ئەم نووسینەی منیش بڕواتە خزمەتی ئەو جۆڕە ڕیكلامكردنە چونكە هێچ كاتێك لەبیرم نایەت رۆژێك وویستبتم لەسەر كۆمپانیا پایۆنێر و شێوازی ڕیكلامكردنیان بنووسم..