لە هیندستان پەتای تەماتە لە 82 منداڵدا دەرکەوتووە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
لە ویلایەتەکانی کیرالا و ئۆدیشا باشووری رۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان، پەتای تەماتە لە ٨٢ منداڵدا دەرکەوتووە.
لە راپۆرتێکدا کە لە گۆڤاری "The Lancet"دا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە حاڵەتەکان سەرەتا لە شاری کۆلام سەربە ویلایەتی کیرالا بەدی کراوە.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە پەتاکە لە ناوچەکانی ئانجال، ئاریانکاڤو و نیدوڤازور لە منداڵانی خوار پێنج ساڵ دەرکەوتووە.
هەروەها لە ویلایەتی ئۆدیشا پەتاکە لەنێو ٢٦ منداڵی تەمەن ١-٩ ساڵاندا دەرکەوتووە، بەوەیش کۆی ژمارەی تووشبووانی پەتاکە گەیشتووەتە ٨٢ منداڵ.
شارەزایان هۆشداریان دا لەوەی پەتاکە زۆر بە ئاسانی بڵاودەبێتەوە.
پەتای تەماتە کە ناوەکەی لە پەڵەی سووری سەر پێستەوە وەرگرتووە، دەبێتە هۆی سووربوونەوەی پێست، تای بەرز و ئازاری جومگە.
ئاماژە بەوە دەکرێت کە هێشتا شێوازێکی چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشیە نییە.