جووتیارانی دهۆک لە بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە دڵخۆشن
دیجیتال میدیای سپێده
ئەمساڵ لە سنووری قەزای بەردەڕەش بەرھەمی پەتاتە لەسەدا ٢٠٠ زیادی کردووە و بەرھەمەکەی گەیشتووەتە ١٦٠ ھەزار تۆن و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش، تەحسین محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ ئاماژە بەوە دەکات کە بەرھەمی پەتاتەی ناوچەکەیان بۆ زۆربەی زۆری پارێزگاکانی عێراق رەوانە دەکرێت.
لە سنووری قەزای بەردەڕەش دەست بە ھەڵگرتنەوەی بەرھەمی پەتاتە کراوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کرێکارەکانی ھەڵگرتنەوەی پەتاتە بەیانی زوو دەچنە سەر کار.
کرێکارێکی ئافرەت خەڵکی شاری ئاکرێ بە ناوی عابیدا عومەر بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ گوتی: "ئێمە لە کاتژمێر چواری بەرەبەیان تا کاتژمێر ١٠ی بەیانی بەرھەمی پەتاتە ھەڵدەگرینەوە، ساڵانە بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو داھاتەیە کە لەڕێگای ئەم ئیشەوە کۆیدەکەینەوە، دەمانەوێت حکوومەتی ھەرێمیش زیاتر پشتیوانی جووتیاران بکات، چونکە ئەگەر جووتیاران زەوییەکان بەرھەم بهێنن، ئێمەش وەکو کرێکار کار دەکەین و دەبێتە سەرچاوەیەکی بژێوی ژیان بۆمان، چونکە لەبەر زۆری چاندنی بەرھەمی پەتاتەی ئەمساڵ، من و ھاوسەرەکەم و سێ کچ و کۆڕێکم زیاتر لە مانگێکە رۆژانە دێین بۆ ھەڵگرتنەوەی پەتاتە".
بەروبوومی پەتاتە یەکێکە لە خۆراکە سەرەکییەکانی جیھان و لە کوردستانیش خاکی بە پیت ھەیە بۆ چاندنی ئەم بەروبوومە، خاکی ھەرێمی کوردستان گونجاوە و لەسەدا ٧٠ی بەرھەمی پەتاتەی عێراق لە ھەرێمی کوردستان دەچێنرێت.
جووتیار سالم شەعبان کە ساڵانە ٣٥٠ دۆنم لە پەتاتە لە سنووری دەشتی ناوکورێ لە سنووری قەزای بەردەڕەش دەچێنت، بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ بەرھەمی پەتاتە زۆر باشە و رۆژانە نزیکەی ٥٠٠ کرێکار لە زەوییەکانی کاری ھەڵگرتنەوەی پەتاتە دەکەن و گوتی: "وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاسانکارییان بۆ کردووە بۆ بەدەستھێنانی بنەتۆی پەتاتە، بەڵام ساغکردنەوەی تۆزێک زەحمەتە".
ئاماژەوەی بەوەشدا کە لە سنووری پارێزگای دھۆک ھیچ کارگەیەکی بەرھەمھێنانی چیپس نییە کە یارمەتیدەری ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیانە.
سالم شەعبان داواشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە یارمەتیدەری ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان بێت و گوتی: "بەرھەممان زۆرە و ھەر ساڵ بەرھەمی پەتاتە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەنێرین، زیاتر حەز دەکەین بەرھەمەکەمان لە ناوخۆی ھەرێم ساغ بکەینەوە".
پێویستی ساڵانەی ھەرێمی کوردستان بۆ پەتاتە نزیکەی ١٠٠ ھەزار تۆنە و ئاستی بەرھەمھێنانیش نزیکەی ٥٠٠ ھەزار تۆنە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش، تەحسین محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشەی جووتیارانی ناوچەکە دەکەن و گوتی: "ساڵانە رووبەرێکی زۆر لە پەتاتە لە ناوچەکەمان دێتە چاندن، ئەمساڵ نزیکەی ٢٠ ھەزار دۆنم لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە پەتاتە چێنڕاوە، سەرووی ١٦٠ ھەزار تۆن بەرھەمی دەبێت، پار ساڵ ١١ ھەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێنرابوو، ئەمساڵ زیادی کردووە بۆ زیاتر لە ٢٠ ھەزار دۆنم زەوی، چاندنی پەتاتە لە سنوورەکەمان لەسەدا ٢٠٠ زیادی کردووە".
تەحسین محەمەد لەبارەی هۆکاری زیادبوونی بەرهەمی ئامساڵی پەتاتە گوتی: "ژمارەیەکی زۆر بیری ئاو لێدراوە، چونکە پەتاتە حەزی لە ئاوە، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر کۆگای سارکەرەوەمان ھەیە کە دەگاتە ١٢ ساردکەرەوە کە پەتاتەی تێدا ھەڵدەگیرێت و مەترسی لە ناوچوونی لەسەر نییە، ھەروەھا پاڵنەرێکی تری چاندنی پەتاتە دروستکردنی پرۆژەی ستراتیجیی بەرھەمھێنانی پەتاتەی پیشەسازیی و خۆراکیی کارگەی جووتیارە کە دەکەوێتە ئەم سنوورە و بەم نزیکانە تەواو دەبێت و تەوابوونی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە مایەی زیاتر ساخکردنەوەی بەرھەمی پەتاتە، چونکە فێنگەری لێ بەرھەم دەھێنرێت".
پڕۆژەی کارگەی جووتیار بۆ بەرھەمھێنانی فینگەر و چیپس لە پەتاتەی پیشەسازی کە بە ھاوبەشی لەنێوان وەبەرھێنەرانی کوردستان و وەبەرھێنەرانی ھۆڵەندا و بە پشتیوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، رۆژی ١٧ی حەزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ بە گوژمەی نزیکەی ١٠ ملیۆن دۆلار بەردی بناغەی دانرا.
حکوومەتی هەرێم رایگەیاندووە کە ئەو پڕۆژەیە لەماوەی ١٨ مانگدا تەواو دەکرێت، ساڵانە لەنێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ ھەزار تۆن پەتاتە ساغ دەکاتەوە.