شاندی كۆنسووڵخانەی ئێران و پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كۆبوونەوە
هەولێر-KDP.info- هوشیار سیویلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە یاوەریی هەڤاڵانی مەكتەب و ئامادەبوونی هەڤاڵ عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی حكوومەت لەگەڵ ئێران، پێشوازی كرد لە شاندێكی كۆنسووڵخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرپەرشتیی سەركۆنسووڵ بەڕێز نەسروڵڵا ڕەشنودی.
بەرێز هوشیار سیویلی، بارودۆخی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستانی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و تیشكی خستە سەر گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و كاریگەرییەكانی لەسەر ئێران و هەرێمی كوردستان و هیوای خواست كە ئەم گۆڕانكارییانە لە بەرژەوەندیی هەر دوو لایەن بێت.
سەبارەت بە دۆخی عێراق، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە گوتی: "ئێمە پشتیوانی لە خۆپێشاندانی ئاشیخوازانە و داوا رەواكانی خۆپێشاندەران دەكەین و نیگەرانین كە دەستی دەرەكی خۆپێشاندانەكان بە لاڕێدا نەبا و لەگەڵ هەمواركردنەوەی دەستوورین، بە مەرجێك كە ئەم هەمواركردنە لە دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان نەبێت".
سیوەیلی راشیگەیاند: "هیوادارم كەسێك بە سەرۆكوەزیرانی عێراق هەڵبژیردرێت كە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی هەموو خەڵكی عێراق بێت، ئێمە دژی كەس نین و هێڵی سوورمان بۆ كەس نییە و هیوادارین ئەو كەسەی دێت كاریگەریی ئەرێنیی هەبێت".
بەرێز نەسروڵڵا ڕەشنودی، باسی لەوە كرد: "خۆپێشاندان لە وڵاتەكان لە چوارچێوەی دەستوور دەبن، بەڵام هەندێ جار دەستی دەرەكیی هەندێ وڵات دێتە ناوی و بەداخەوە لە خۆپێشاندانەكانی عێراقدا ئێمە دەستی دەرەكی دەبینین، كە دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە و بەرەو تۆندوتیژی بردووە، بڕواشمان وایە كە عادل عەبدولمەهدی بووە قوربانیی پیلانی دەستی دەرەكی".
دوای ئەم قسانەی ڕەشنودی، بەرێز هوشیار سیویلی بەرپرسی مەكتەب وەڵامی سەركۆنسووڵی ئێرانی دایەوە و گوتی: "ئێمە هەوڵمان دا عادل عەبدولمەهدی بمێنێتەوە، چونكە باشترین كەس بووە تاكو ئێستا كە هاتووەتە سەر كار. من عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ عەبدولڕحمان بەزاز بەراورد دەكەم، عەبدول مەهدی دووەمین كەسی باش بووە، هیواخوازیشین هەر كەس لە جیاتی عادل عەبدولمەهدی دێت، كەسێكی باش بێت و بۆ بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عێراق كار بكات، چونكە ئیمەش بەشێكین لە عێراق".