سهرچنار ئهحمهد: یاساکانی ئێمە وەک پەتی جاڵجاڵۆکە وان تەنها بچووکەکانیان پێدەگیرێ
دیجیتاڵ میدیای سپێده
بڕیاردهری فراكسیۆنی یهكگرتوو ڕایگهیاند، لەهەر جێگایەک وەرگرتنی پارەو بەتاڵ کردنی گیرفانی هاووڵاتیانی تێدابێت حکومەتی هەرێم دەستی بۆ دەبات.
سهرچنار ئهحمهد بڕیاردهری فراكسیۆنی یهكگرتوو له پهڕلهمانی كوردستان ڕایگهیاند، لەبری ئەوەی سەیری چاڵو چۆڵی و شکاوی شەقامەکان بکرێت و پلانی چاککردنیان دابنرێت کە ڕۆژانە ڕوداوەکانی هاتووچۆ دەبینین ڕودەدەن و قوربانیان لێدەکەوێتەوە ،دێن و کامێرای تیژڕەوی و خاڵ بۆخاڵمان بۆ دادەنێن!.
ئاماژهی بهوهشكرد، چونکە یەکەمیان پارەی تێدەچێ و لەسودی هاووڵاتیانەو کارێکی یاساییە نایکەن،بەڵام دووەمیان چونکە پارەیان بۆ دێتەوەو لە زیانی هاووڵاتیانەو کارێکی نایاساییە دەست بەجێ عەقد لەگەڵ کۆمپانیا دەکەن و لەسەری ڕەزامەند دەبن.
ووتیشی، ئەمەش کارێکی تری نایاساییە کە وەزارەتی ناوخۆ دەستی بۆ دەبات، هەروەک پێشتر دەستی برد بۆ گۆڕینی ژمارەی ئۆتۆمبێل و کردنی بەئینگلیزی کە ئەوەش پێچەوانەی یاسای زمانە فەرمیەکان بوو لەهەرێمی کوردستان.
ئهوهشی خستهڕوو، گرفتەکە لەوەدایە پێشێلکردنی یاساو حساب بۆنەکردنی لەئاستی باڵادا ڕوودەدات ئەگەرنا هاووڵاتیەکی ئاسایی گەر پێشێلی یاسا بەرکارەکان بکات هەرزو غەرامەی دەکەن و لەزیندان توندی دەکەن گوایە یاسا سەروەرە!.
بڕیاردهری فراكسیۆنی یهكگرتوو ووتیشی، یاساکانی ئێمە وەک پەتی جاڵجاڵۆکە وان تەنها بچووکەکانیان پێدەگیرێ، نایاساییەکان زۆرن و لەئاستی باڵادا ئەنجام دەدرێن لەوانە:
بەنایاسایی پاشەکەوتکردن و بڕینی مووچە.
بەنایاسایی وەستاندنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
بەنایاسایی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل
بەنایاسایی دەسکاری کردنی باج و ڕسومات ...هتد
سهرچنار ئهحمهد ڕاشیگهیاند، لەهەموشیاندا حکومەت قازانجی کردووەو هاووڵاتی و فەرمانبەرانیش زەرەرمەند بوون و هیچ ئیجرائاتێکیش لەگەڵ لایەنی سەرپێچیکاردا نەکراوە، چونکە یاسا سەروەری هەرناو بووەو ئەوەی پێشێلیش کراوە هەر یاسابووە.