ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق دەستپێکردنەوەی کارەکانی راگەیاند
دیجیتال میدیای سپێده
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق دەستپێکردنەوەی کارەکانی راگەیاند کە پێشتر بەھۆی مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم تەلاری ئەنجوومەن، ھەڵپەساردنی کارەکانی خۆی، دادگاکانی سەربە ئەنجوومەنەکە و دادگای باڵای فیدراڵیی راگەیاندبوو.
لەو راگەیەندراوەی کە لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە بە لەبەرچاوگرتنی کشانەوەی خۆپیشاندەران و ھەڵگرتنی گەمارۆی سەر تەلاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیاردرا لە بەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤ی ئابی ٢٠٢٢ دەوامی ئاسایی لە سەرجەم دادگاکان دەستپێبکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی سوپاسی ھەموو ئەو لایەن و کەسایەتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی کردووە کە پشتیوانییان لە دەسەڵاتی دادوەریی کردووە و پەرۆشی خۆیان بۆ بنەمای سەروەری یاسا و رێزگرتن لە دەستوور نیشانداوە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بەردەوام دەبێت کە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە ھەر کەسێک کە پێشێلی یاسا بکات و دامەزراوە گشتییەکان پەکبخات.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆیان گەیاندە بەردەم تەلاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە ناوچەی سەوز و خیوەتی مانگرتنیان جێگیرکرد.
دواتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ھەڵپەساردنی کارەکانی خۆی، دادگاکانی سەربە ئەنجوومەنەکە و دادگای باڵای فیدراڵیی راگەیاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ، وەزیری سەدر، ساڵح محەمەد عێراقی داوای لە خۆپیشاندەرانی بەردەم تەلاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد بکشێنەوە و تەنھا خێوەتەکان بھێڵنەوە و دروشمەکانی (ناڕەزایەتی شەھیدانی سپایکەر، خەڵکی مووسڵ، گەڕانەوەی پارەی تاڵانکراو، لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران، دورخستنەوەی داواکاری گشتی، بەجێھێنانی دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ و بێ لایەن) لەسەریاندا ھەڵبواسن.
ئەمەیش لە کاتێکدایە ماوەی ٢٤ رۆژە، خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەران لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بەردەوامە کە داوا دەکەن ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێندرێتەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.