هەواڵی کوردستان ئێستا

رووسیا: بە مەبەست هێرشەکانمان لە ئۆکراینا خاو کردووەتەوە

رووسیا: بە مەبەست هێرشەکانمان لە ئۆکراینا خاو کردووەتەوە
رووسیا: بە مەبەست هێرشەکانمان لە ئۆکراینا خاو کردووەتەوە

2022-08-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو رایگەیاند کە لە پێناو کەمکردنەوەی زیانە مەدەنییەکان لە ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە ئۆکراینا بۆ کەمترین ئاست، بە مەبەست هێرشەکانیان خاو کردووەتەوە.

سێرگی شۆیگو لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی رێکخراوی هاریکاری شەنگهای کە لە تاشقەند پایتەختی ئۆزبەکستان بەڕێوەدەچێت، زانیاری دا سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا.

وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو باسی لەوە کرد کە بەهۆی رەتکردنەوەی رێککەوتنی مینسک لەلایەن کیێڤ، دروستبوونی مەترسی لەسەر دانیشتوانی دۆنباس و ئایندەی رووسیا ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر ئۆکراینا ئەنجامداوە و گوتی: 'ئۆپەراسیۆنە تایبەتە سەربازییەکە، بەپێی پلان بەڕێوەدەچێت و هەموو ئەرکەکان تەواو دەکرێن'.

سێرگی شۆیگو باسی لەوە کرد کە یەکە سەربازییەکانی رووسیا پابەندی رێسا مرۆییەکانە و بە چەکی هەستیاری باڵا ئامانجە سەربازییەکانی سوپای ئۆکراینایان بۆردومان کردووە و رایگەیاند 'لە هەمان کاتدا هەموو رێکارێک دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی مەدەنی زیانی بەرنەکەوێت. بەدڵنیایییەوە ئەوەیش خێرایی هێرشەکان خاو دەکاتەوە، بەڵام ئێمە بە مەبەست ئەوە دەکەین'.

وەزیری بەرگریی رووسیا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی چەک رەوانەی ئۆکراینا دەکەن، کە ئەو چەک رەوانەکردنە زیانی مەدەنی لە ئۆکراینا زیاد کردووە و پێکدادانی چەکداری لەو وڵاتەدا درێژ کردووەتەوە.

شۆیگو ئەوەشی خستەڕوو کە سزای توند بەسەر رووسیادا سەپێندراوە و دەست بە جەنگی زانیاریی کراوە و گوتی: 'پێکدادانەکەی ئۆکراینا کراوەتە بیانوو بۆ ئەوە. ئامانجی ئەمریکا و هاریکارانی نەهێشتنی رکابەرە، بۆ ئەوەش دەوڵەتانی دیکە ئاگاداردەکەنەوە کە سیاسەتی دەرەکی سەربەخۆی پەیڕەو دەکەن هاوتا لەگەڵ ستراتیجییەتی رووسیادا'.

وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵی زۆری خستووەتەگەڕ بۆ دروستکردنی بنەما یاساییەکانی سەقامگیری لە ئەورووپا لە هەلومەرجی نوێدا، بەڵام خۆرئاوا بە رابەرایەتی واشنتۆن نیگەرانییەکانی رووسیایان رەت کردەوە لەبارەی گەرەنتی و دڵنیایی ئەمنیی بەرامبەری، بەتایبەتی لەبارەی پێگەی بێلایەنی ئۆکراینا.

سێرگی شۆیگو ئەوەشی خستەڕوو کە سوپای رووسیا لە ئۆکراینا دەستی گەیشتووە بە بەڵگە لەبارەی بەرنامەی بایۆلۆجی سەربازیی ئەمریکا کە لە ئۆکراینا جێبەجێی کردووە و پنتاگۆن پشتڕاستی ئەوەی کردەوە کە لە ئۆکراینادا پشتیوانی دارایی زیاتر لە ٣٠ تاقیگەی بایۆلۆجی کردووە. ئەم جۆرە کارانە کە پەرە بە چەکی بایۆلۆجی دەدەن، مەترسییەکی راستەوخۆ لەسەر وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاریکاری شەنگهای دروست دەکەن.