وەزیرەکەی سەدر: "رووخانی رژێمی ئێستا بەدڵی باڵیۆزخانەی ئەمریکا نییە"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری سەدر، ساڵح محەمەد عێراقی رایگەیاند کە کاتێک لایەنگرانی رەوتی سەدر چوونە بەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ترسی ئەوەیان ھەبوو کە گەندەڵییەکانیان ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوەیشدا کە رووخانی رژێمی ئێستا بەدڵی باڵیۆزخانەی ئەمریکا نییە.
ساڵح محەمەد عێراقی لەبارەی کاردانەوەی لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە مانگرتنەکەی دوێنێ سێشەممەی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەردەم تەلاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە کاتێک لایەنگرانی رەوتی سەدر چوونە بەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ترسی ئەوەیان ھەبوو کە گەندەڵییەکانیان ئاشکرا بکرێت، چونکە ئەوان پێیان وابوو کە خۆپێشاندەران ھێرش دەکەنە سەر ئەنجوومەنەکە و دۆسیە گەندەڵییەکانیان دەکەوێتە دەست خۆپیشاندەران و ئاشکرا دەبن.
راشیگەیاندووە "چوارچێوەی ھەماھەنگی دەسەڵاتی دادوەریی بە تاکە پارێزەری خۆی دەزانێت و ئەگەر خۆپێشاندان بەردەوام بێت، ئەوا ناتوانێت حکوومەت پێکبھێنێت".
وەزیرەکەی سەدر لەبارەی رووخانی رژێمی ئێستای عێراق گوتوویەتی "رووخانی ژرێمی ئێستا بەدڵی زۆربەی لایەنەکان نییە لەسەروویانەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو "رەنگە لەناوبردنی گەندەڵی لە دادگای عێراقی، لای ئەوان مانای ئەوەیە کە شۆڕش گەندەڵکارانی وەک ئەوان لەناو دەبات".
باسی لەوەش کردووە کە ئەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی زۆر پێی پێزاربوو، داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، فائق زیدان بوو کە بە لایەنگری چوارچێوەی ھەماھەنگی دادەنرێت.
ساڵح محەمەد عێراقی هەر لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "لە میانی مانگرتنەکەی دوێنێدا، شۆڕشگێڕەکان بوێری و لەپەڕدادان بەسەر-ی خۆیان سەلماند و ئەمەیش ترسی لای چوارچێوەی هەماهەنگی دروست کرد، هەروەها توانیومان فشارە نێودەوڵەتییەکان لاببەین کە داوا لە ئێمە دەکەن گفتوگۆ لەگەڵ گەندەڵکاراندا ئەنجام بدەین، ھەروەھا پێموایە دەسەڵاتی دادوەریی ھەوڵدەدات ھەندێک دۆسێی گەندەڵی ئاشکرا بکات بۆ ئەوەی مانگرتنێکی دیکە ئەنجام نەدرێت".
وەزیرەکەی سەدر ئەوە نەیشاردووەتەوە کە ئەگەری ھەیە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانەی کە داوای چاکسازی دەکەن دەربکرێت لە کاتێکدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لایەنی بەرامبەر دەرناکرێت، ئەمەیش گەندەڵی گەورە لە دامەزراوەی دادوەرییدا ئاشکرا دەکات کە دواتر گەل لە کارەکانیان ئاگادار دەبێتەوە و رایگەیاندووە "ھەڵپەساردنی کارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی دەستووری نەبووە، واتە دەسەڵاتی دادوەریی ھەوڵدەدات بەشێوەیەکی نایاسایی، گومانەکان لەسەر خۆی لاببات بەتایبەتیش کە خۆپیشاندانەکە ئاشتییانە بووە".
ساڵح محەمەد عێراق گوتوویەتی "مانگرتنەکەی دوێنێ لووتی گەندەڵکارانی شکاند، چونکە گەندەڵکاران نەیانتوانی بەرگریی لە خۆیان بکەن تەنها لاسایی کارەکانی شۆڕش دەکەنەوە، وەک ئەوەی پێشتر لە ھەفتەی رابردوودا، خۆپیشاندانی ملیۆنیان ئەنجام دا".
ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە گەندەڵی بیست ساڵە کاریگەری لەسەر دامەزراوەی دادوەریی ھەبووە و گوتی: "ئەگەر ئەم ھەنگاوەی ئێمە بە شکست یان بە سەرکەوتوو دابنرێت، ھەنگاوێکی دیکە لەناکاو دەنێین کە ئەوان بیریان لێ نەکردووەتەوە، بەڵام ئەگەر گەل بڕیاری درێژەدان بە شۆڕش و لەناوبردنی گەندەڵکاران بدات".
دوێنێ سێشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەردەم تەلاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دەستیان بە مانگرتن کرد و دواتر لەسەر داوای سەرکردەی رەوتەکەیان، موقتەدا سەدر کۆتاییان بە مانگرتنەکە ھێنا و کشانەوە.
ئەو ھەنگاوەی لایەنگرانی رەوتی سەدر، کاردانەوەی توندی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و بە پێشھاتێکی مەترسیدار لەقەڵەم درا.