ئێران: 'بەدەر لە رێککەوتنەکەی 2015 رێگەنادەین لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانماندا پشکنین ئەنجام بدرێت'
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئێران رایگەیاند کە بەردەوامە لە هاریکاریکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و بەدەر لە رێککەوتنەکەی ٢٠١٥ رێگە بە پشکنین نادەن لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا.
تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد ئیسلامی لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت لە تارانی پایتەخت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا هەڵسەنگاندنی بۆ بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی کردووە.
محەمەد ئیسلامی باسی لەوە کرد کە تاران بەگوێرەی ستاندارد و سیستمە نێودەوڵەتییەکان هەموو چالاکییەکانی لەبواری ئەتۆمدا بەڕێوەدەبات و گوتی: 'ئێران پابەندە بە بەڵێننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و لەو روانگەیەشەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە لە پشکنینەکانیدا رووبەڕووی هیچ پابەندنەبوونێک بووبێتەوە'.
سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو بانگەشانەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی بڵاودەکرێنەوە، لەگەڵ لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان هەموویان سەرچاوەکانیان تۆمەتی درۆینەی ئیسرائیلن و رایگەیاند '٢٠ ساڵە بەبێ وەستان تۆمەتی نابەجێ دەبەخشنەوە. رژێمی زایۆنیست پیلانی دەروونی و تیرۆر بەڕێوەدەبات بۆ نەهێشتنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران. لە ماوەی رۆژانی رابردوودا ئەو پلانانەیان دووبارە کردەوە'.
محەمەد ئیسلامی ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەگەر سەرلەنوێ رێککەوتنی ئەتۆمی بکرێت، ئەوا وەک ئەوەی لە رێککەوتنەکەی ٢٠١٥دا دیاریی کراوە پێویستە لێکۆڵینەوە نابەجێکان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دابخرێت.
سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، باسی لەوەیش کرد کە وڵاتەکەی دامەزراوەیەکی نهێنیی ئەتۆمیی نییە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لێی ئاگادار نەبێت، وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت و گوتی: 'لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییەی پێشتر پەسەندمان کردووە پابەندی پشکنینەکانین. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکە (رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥) پابەند دەبین بەوەی لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون. نە وشەیەک زیاد نە کەم'.