د.جهمال كۆچهر: سەرۆک وەزیران بە رەزامەندی سەرکۆمار دهتوانێت پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتهوه
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەدر و لایەنگرانی سوورن لەسەر هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنێکی پێشوەختە لە عێراق. لەم بارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەمال کۆچەر دەڵێت، "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە رەزامەندی سەرکۆمار دەتوانێت داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات".
جەمال کۆچەر لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵۆ لهبارهی شێوازی چۆنیەتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بە دوو رێگا کرد و گوتی: 'دوو رێگا ههیه بۆ ههڵوهشاندنهوهی پهرلهمان، یهكێكیان ئهوهیه كه سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە رەزامەندی سەرکۆمار داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات، رێگای دووەم بریتییه لهوهی كه به رێژهی یەک لەسەر سێی ئەندامان، واتا ١١٠ ئهندام له كۆی ٣٢٩ ئهندام، نووسراوێك پێشکەش بكهن و داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكهن، پەرلەمانیش بەزۆرینەی رەھا، واتا ٥٠+١ی دەنگی ئەندامەکانی داواکارییەکە پەسەند بکات'.
گوتیشی: 'بهپێی ئەم رێگا دەستوورییە، دوای پێشکەشکردنی داواکارییهكه، ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی ١٦٥ ئەندام ھەیە لە کۆی ٣٢٩ ئەندام، بەڵام سەدر بە ئاشکرا داوا دەکات دادگای باڵای فیدراڵیی، پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتهوه و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریییش رایگهیاندووه كه ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، گرفتهكهش ئەوەیە كه چوارچێوەی ھەماھەنگی و رهوتی سەدر متمانەیان بەیەکتر نییە، سەدر دەیەوێت بە ھەمان یاسای ھەڵبژاردن و بە ھەمان ستافی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن، پڕۆسهی ههڵبژاردن ئهنجام بدرێت، چوارچێوەی ھەماھەنگیش دەڵێت نەخێر ئێمە بە ھیچ شێوەیەک بەرەو ھەڵبژاردنێک ناچین، ئەگەر کۆمیسیۆن و یاسای کۆمیسیۆن نەگۆدڕێت، بۆیە جیاوازییەکی زۆر لەنێوانیاندا ھەیە'.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەمال کۆچەر راشیگەیاند، چوار سیناریۆ ھەن بۆ دۆخی ئێستای عێراق، ئەویش شەڕی شیعە-شیعەیە کە لە ئەنجامی خۆپیشاندانی ملیۆنی لایەنگرانی سەدر و لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دروست ببێت، سیناریۆی دووەم دیالۆگ و سازش بۆ یەکتر بکەن، سیناریۆی سێیەمیش لایهنێك بکشێتەوە و لایهنهكهی دیکه دەست بە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەت بکات، سیناریۆی چوارەمیش ئەوەیە کە چوارچێوەی ھەماھەنگی دابەش ببێت، چونکە ئاماژەکان بەدیار دەکەون کە چوارچێوەی ھەماھەنگی ھاوپەیمانییەکی کۆنکرێتی نییە، بۆچوونێک ھەیە دەڵێت وەکو نوری مالکی و ھەندێک لەوانەی ناو چوارچێوە کە دەڵێن با کۆبوونەوەیهکی پەرلەمان بکرێت و تیایدا سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران ھەڵبژێردرێت و دواتر بڕیاری خۆمان بدەین كه پەرلەمان ھەڵبوهشێنینەوە یان بەرەو ھەڵبژاردن بچین، بەڵام بۆچوونی ھادی عامری و حەیدەر عەبادی و ھەندێک لایەنی دیكهی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەوەیە کە دەڵێن نەخێر باش نییە حکوومەتێک دروست بکەین و سەدر بتوانێت ملیۆن لایەنگر کۆبکاتەوە، حکوومەت بەم شێوەیە ناتوانێت بەردەوام بێت و ھەڵدەوەشێتەوە، بۆیە دەبێت لەگەڵ سەدر رێککەوین، بۆیەش درزێک كهوتووهته ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئێرانیش نایەوێت شەڕی شیعە-شیعە لە عێراق دروست ببێت و رەنگە بڵێت بەشێک لە چوارچێوەی ھەماھەنگی با بچنە پاڵ رهوتی سەدر و بهشهكهی دیكه بێدەنگ بێت و کۆنترۆڵی دۆخی عێراق بكات'.
زیاتر لە ١٠ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی نوێ پێک نەھاتووە، لەئێستاشدا گرژییهكان له هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران و کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکان هاتووهته دهرهوه و شهقامی عێراقی گرتووهتهوه و لهمبارهیهوهش جەمال کۆچەر به دووری دهزانێت كه شەڕی شیعە-شیعە لە عێراق رووبدات بههۆی ئەوەی مەرجەعی باڵای شیعەکان لەگەڵ شهڕدا نییە، جهخت لهوهش دهكاتهوه كه ئێران ئهو شهڕه ناخوازێت، چونکە ئەو میلیشیات و گرووپانهی سەربە ئێرانن، ئهوا رووبەڕووی کێشە دەبنهوه، ئهوهشدهخاتهڕوو كه هیچكامێكیان نایانهوێت یهكهم گوللەی شهڕ بتهقێنن و گوتی: 'بەڵام ئەگەر شەڕەکە روویدا، ئهوا ھیچ لایەنێک سازش بۆ لایەنهكهی دیكه ناکات، چونکە نوری مالیکی و سەدر ھەردووکیان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئەگەر مالیکی حکوومەت پێکبھێنێت، ئهوا کۆتایی سەدرە و ئەگەر سەدر حکوومەت پێکبھێنێت، ئهوا کۆتایی مالیکی-یە'.
دوای راگهیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سوننهكان، بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی ھاوپەیمانی رزگاری نیشتمان-یان پێکھێنا، سەبارەت بە رۆڵی کورد و سوننە لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە کورد و سوننە رۆڵی ناوبژیوان لەنێوان شیعەکان بگێڕن، هاوكات میلیشیاکانی سەربە ئێران زۆر بەڕوونی بە کورد و سوننەکانیان گوتووە كه قەت باوەڕ به شهڕی شیعه-شیعه مهكهن و ئێوە بە ئیستیراحەت دانیشن، ههروهها گوتوویانە داعشی ئێستا لە داعشی ٢٠١٤ بەھێزترە، واتایەکەی ئەوەیە کە جارێکیتر داعش سەرھەڵدەداتەوە و رهنگه سەردانی ئەم دواییەی ھادی عامری بۆ ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتە سیاسییەکان بۆ ئەوە بێت کە پەیامێک بگەینێتە کورد کە لە پرسی شیعەکاندا پێویستە رۆڵی ناوبژیوان بگێڕن'.
جەمال کۆچەر لهبارهی بۆچوونی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی: 'یەکگرتوو لهگهڵ ههڵبژاردنهكانه، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چ ھەڵبژاردنێک؟ بە چی یاسایەک ؟ به چی کۆمیسیۆنێک؟ ئایا بە چاودێری نێودەوڵەتی ھەڵبژاردنەکە دەکرێت یان نا؟ ئەمە ھەموو گرفته، چونکە لە ھەموو ھەڵبژاردنەکان، یەکگرتوو دەنگی زۆری ھەیە، بەڵام له ئهنجامهكهیدا دهنگی كهمه، هۆكارهكهیشی دهگهڕێتهوه بۆ بوونی تەزویرێکی گەورە لە ھەڵبژاردنەکان، بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد نەبێت، ئهوا ئهنجامنهدانی باشتره'.
بڕیارە لە رۆژی یهكی تشرینی یهكهمی ٢٠٢٢ی پڕۆسهی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام تا ئێستا لایەنەکان ناکۆکن لەسەر یاسای ھەڵبژاردن و شێوازی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ههڵبژاردن و راپرسی، رەنگە ھەڵبژاردن چوار یا پێنج مانگ دوابخرێت، واتا بۆ سەرەتای مانگی ئادار یان نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ دوا بخرێت، چونکە کۆمیسیۆن شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکاریی ھەڵبژاردنەکان.