هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم: "دادگای باڵای فیدراڵیی لە عێراق بوونی نییە"

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم:
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم: "دادگای باڵای فیدراڵیی لە عێراق بوونی نییە"

2022-08-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی دیارە ناشەرعییە چونکە نە سۆمۆ و نە ھیچ لایەنێکی دیکە لە بەغدا ھەوڵی سەلماندنی شەرعیەتی دادگای باڵای فیدراڵی بەناو دادگا نەداوە.

لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، وەڵامی نامەیەکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دراوەتەوە.

لە راگەیەنداوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستاندا هاتووە "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو نووسراوە دەکات کە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەرچووە، کە ھەڕەشەی رێکاری یاسایی دژی کڕیاران و بازرگانیکەرانی نەوتی بەرھەمھێنراوی ھەرێمی کوردستان دەکات".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "نامەکەی سۆمۆ ھیچی تر نییە لە دڵۆپێکی دیکە لە رژاندنی زانیاری ناڕاست کە لەلایەن کۆمپانیاکەی دەوڵەتی فیدراڵییەوە بڵاوکراوەتەوە وەک بەشێک لە شەڕێکی سیاسی. شەڕێک کە بەداخەوە ھەوڵێکی ھەندێک لایەنە لە بەغدا بۆ تێکدانی دەستووری فیدراڵی عێراق. ھەروەھا مەبەست لە نامەکە تێکدانی بەردەوامی دیالۆگی نیازپاکییە لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ. ئەو دیالۆگەی کە ھەوڵدەدات پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی داھاتووی سەرچاوە و داھاتەکانی وزەی عێراق بەگوێرەی دەستووری فیدراڵی دابنێت و رێکبکەوێت".

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "نامەکەی سۆمۆ پشت بە بۆچوونێکی سیاسی دەبەستێت کە لەلایەن پانێڵێکی پارێزەرەوە کە خۆیان وەک "دادگای باڵای فیدراڵی عێراق" نیشان دەدەن. بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی بوونی نییە لە عێراق و بڕیاری پابەندکەر نییە. ئەمەش لەبەرئەوەی ھێشتا دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی دەستووری فیدراڵی پێکنەھاتووە لە عێراق. بۆیە ئەم پانێڵە لە بەغدا دادگای باڵای فیدراڵی نییە و بۆچوونەکانی پانێڵی خۆنمایشکەرەکان ھیچ قورسایییەکی یاسایییان لە عێراق و شوێنەکانی دیکەدا نییە. بۆچونی پێچەوانە، وەک چۆن سۆمۆ و ئەوانی دیکە لە بەغدا دەیکەن، بریتییە لە فێڵکردنێک. فێڵێک کە دەستوور تێکدەدات و ھەڕەشە لە دەوڵەتی عێراق دەکات. ئەم ھێرشە سیاسییە بۆ سەر دەستووری فیدراڵی عێراق، پاڵنەرێکیشە بۆ گەڕانەوەی عێراق بۆ دەسەڵاتی بێ سنووری مەرکەزی کە سەردەمێکی ترسناکی ڕابردوومان وەبیردەھێنتەوە".

راشیگەیاندووە "مادەی ٩٢(٢)ی دەستووری عێراق داوا دەکات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەک دەربکات بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی بۆ دیاریکردنی کارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق. تا ئێستا ھیچ یاسایەکی لەو جۆرە دەرنەچووە. بۆیە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەپێی دەستووری عێراقی دانەمەزراوە. ئەو پارێزەرانەی لەم پانێڵە کە رای ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢یان دەرکردووە، ھیچ دەسەڵاتێکی دەستووریان نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە "رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢ بەیاننامەیەکی ھاوبەش لە نێوان سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە. بەیاننامەکە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی لێکرابوو. لە بەیاننامەکەدا بڕیاری بەناو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە نادەستووری وەسف کراوە و داوای دامەزراندنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی شەرعی کراوە بە پێی ماددەی ٩٢ی دەستوور. لە مانگی ئازاردا لێدوانی ھاوشێوەی بەدوای خۆیدا ھێنا".

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی دیکەی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی خستەڕوو کە دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق بەپێی دەستووری عێراقی دانەمەزراوە، و ئەو دەزگایە کە بڕیاری ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ی دەرکردووە ھیچ دەسەڵاتێکی دەستووریی نەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. ھەروەھا بەڕێوەبردنی ھەموو کێڵگەکانی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی تایبەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، و یاسای نەوت و گازی کوردستان بەپێی بڕگەکانی دەستووری فیدراڵی عێراق دامەزراوە. ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان دەزگایەکی سەربەخۆیە و پێکھاتووە لە یاساناسە پێشەنگەکانی ھەرێمی کوردستان".

ئەوەش هاتووە کە "رۆژی ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی بە دۆسیەی دادگایی کرد دژی وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ لە دادگاکانی ھەرێمی کوردستان. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم دۆسیەدا داوای راگەیاندنی گشتگیری دەستووری بوونی یاسای نەوت و غازی کوردستان و ناشەرعییەتی رای ئەو پانێلە دەکات کە وا خۆی نیشان دەدات کە دادگای باڵای فیدراڵییە".

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردووە کە "نە سۆمۆ و نە ھیچ لایەنێکی دیکە لە بەغدا ھەوڵی سەلماندنی شەرعییەتی دادگای باڵای فیدراڵی بەناو دادگا نەداوە. لەبەرئەمەش دادگای باڵای فیدراڵی دیارە ناشەرعییە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ھەموو کەس و لایەنێک ئەم ناڕەحەتییە لەناو عێراقدا تێدەگات، بەڵام رەنگە لە دەرەوەی عێراق کەمتر ھەستی پێبکەن. بە لەبەرچاوگرتنی لاوازییە کوشندەکانی ناو دامەزراوەکانی بەغدا، و لاوازییە کوشندەکانی ئارگیومێنتەکانی بەغدا، ستراتیژی بەغدا ئەوەیە چیرۆکێک دروست بکات بۆ دروستکردنی نادڵنیایی لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی بەرامبەر نەوتی ھەرێمی کوردستان. بۆیە ئەم بەیاننامە و ھەڕەشانەی بەغدا دەبێت بەو شێوەیە تێبگەین و رەت بکرێنەوە و بە روونی و بێ دوو دڵی لە دەستووری فیدراڵ و ئومێدی گەلی عێراقدا دەبینرێت کە عێراق وەک کۆمارێکی فیدراڵی راستەقینە بمێنێتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "مافی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان و بەرھەمھێنانی سەرچاوەکانی ھایدرۆکاربۆن لە سنووری ھەرێم بەردەوامە وەک لە دەستووری فیدراڵی و یاسای کوردستاندا ھاتووە. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەرھەمھێنان و ناردن و فرۆشتن و پاڵاوتنی و بەکارھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان، و پێشبینیش دەکرێت بەرھەمھێنان زیاد بکات".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندە بە پرۆسەی ناوبژیوانی و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ھەڵواسراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە بارەی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە عێراق. ئەو ناکۆکییانە وەک ھەر جیاوازییەکی تری بیروڕا دەبێت بە پێی دەستووری فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ھەموو عێراق چارەسەر بکرێن. تا ئەو کاتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ھەنگاوە بەھێزەکان بۆ بەرگریکردن لەو مافانە".