FBI: نزیكی 200 بەڵگەی نهێنی لە ماڵی ترەمپ دۆزراوەتەوە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لە لایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ئەمریکا (FBI) سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر کۆشکی مار-ئا-لاگۆی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە فلۆریدا ئامادە کراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لەو گەڕان و پشکنینەی کە پێشتر لەو شوێنەدا ئەنجامدراوە لە ١٤ کارتۆنی ئەو ١٥ کارتۆنەی کە دەستی بەسەدرا گیرابوو، دەستیان بەسەر ١٨٤ بەڵگەی نهێنیدا گرتووە.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ئەمریکا بەشێک لەو بەیاننامەی فەرمییە ٣٤ لاپەڕەییەی کە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پشکنین سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر کۆشکی مار-ئا-لاگۆی کە بۆ دادوەری ناردووە، بۆ رای گشتی بڵاوی کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەو گەڕان و پشکنینەی کە لە مانگی ئایار لە ماڵی ترەمپ لە فلۆریدا ئەنجامدراوە، دەست بەسەر ١٥ کارتۆن بەڵگەدا گیراوە کە لەنێو ١٤ کارتۆنیدا کۆی گشتی ١٨٤ بەڵگەی نهێنی هەبووە.
جگە لەوە FBI راشیگەیاندووە کە ئەو بەڵگانەی لە ماڵەکەی ترەمپ-دا دەستی بەسەردا گیراوە "لەو ئاستەدایە سەرچاوەی مرۆیی هەواڵگری بخاتە مەترسییەوە".
وەزیری دادی ئەمریکا، مێریک گارلاند بۆ یەکەم جار سێ رۆژ دوای ئەو هەڵکوتانەی کە FBI لە ٨ی ئاب بۆ سەر کۆشکی مار-ئا-لاگۆی ترەمپ لە فلۆریدا ئەنجامی دا، لێدوانی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە خۆی فەرمانی پشکنینەکەی پەسەند کردووە و بۆ ئەوەی ئەو بابەتە کە مشتومڕی لێکەوتووەتەوە لای رای گشتی روون ببێتەوە داواکارییان پێشکەشی دادگای ناوچەی فلۆریدا کردووە کە نهێنی لەسەر فەرمانی پشکنین کە لەلایەن وەزارەتی دادەوە دەرکراوە و ئەو بابەتانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە، هەڵبگیرێت.
دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاندبوو کە لە دژی ئاشکراکردنی فەرمانی پشکنینەکە بۆ رای گشتی نەبووە، دادوەری فیدڕاڵی لە ١٢ی ئابدا فەرمانی پشکنین و کۆنووسی ئەو شتانەی دەستی بەسەردا گیراوە، بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە. بەڵام دامەزراوە میدیا بە نێوبانگەکانی ئەمریکا داواکارییەکیان پێشکەشی دادگای فیدڕاڵی کردبوو بۆ ئاشکراکردنی بەیاننامەی فەرمی کە تێیدا هۆکاری ناچاربوونی کارمەندانی FBI روون دەکاتەوە کە کۆشکی مار-ئا-لاگۆی ترەمپ لە فلۆریدا بپشکنن.
لەو راگەیەندراوەی کە لە ١٦ی ئاب لە وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە هاتبوو: "ئاشکراکردنی بەیاننامەکە لەم قۆناغەدا لەلایەن حکوومەتەوە، ئەگەری هەیە رێگریی لە هاوکاری شایەتحاڵەکان بکات کە رەنگە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ئەم لێکۆڵینەوەیە و لێکۆڵینەوە باڵاکانی دیکەدا بانگهێشت بکرێن".
لای خۆیەوە دادوەری دادگای فیدڕاڵیی فلۆریدا، بروس راینهارت ئەوەی راگەیاندبوو کە دەتوانرێت بەشێک لە بەیاننامەی فەرمییەی بۆ رای گشتی بڵاو بکرێتەوە و داوای لە وەزارەتی داد کردبوو کە تاکو ٢٥ی ئاب پاساوی زیاتر لەسەر ئەوەی کە ئاشکراکردنی بەیاننامەکە زیان بە رێرەوی لێکۆڵینەوەکە دەگەێنێت بخەنەڕوو و بە بەیاننامەی سوێندخواردنەکەدا بچنەوە.