حکوومەتی ئێران: داهاتی نەوتمان پێنج هێندە زیادی کردووە
وەزیری ئابووریی ئێران، ئیحسان خاندوزی رایگەیاند کە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، داهاتی نەوتی وڵات پێنج هێندە زیادی کردووە.
ئاژانسی هەواڵیی خوێندکارانی ئێران بڵاوی کردەوە، ئیحسان خاندوزی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە تارانی پایتەخت، زانیاری داوە لەبارەی پێشهاتە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی.
وەزیری ئابووریی ئێران، ئیحسان خاندوزی رایگەیاند 'بە بەراورد بە ساڵی رابردوو لە پێنج مانگی رابردوودا، داهاتی نەوتی وڵات پێنج هێندە زیادی کردووە'.
ئیحسان خاندوزی باسی لەوە کرد کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، سەرمایەی وەبەرهێنان بۆ وڵاتەکەی دوو هێندە زیادی کردووە و بەلەبەرچاوگرتنی بەردەوامی سزاکانی ئێران یان کۆتایی هاتنیان، پلانە ئابوورییەکانیان داڕشتووە.
وەزیری ئابووریی ئێران، ئیحسان خاندوزی سەبارەت بە گەندەڵی لە کارگەی ئاسنی موبارەک لە شاری ئەسفەهان بە بەهای ٣،٥ ملیار دۆلار، گوتی: 'کێشەی کارگێڕیی هەیە لە کارگەی ئاسنی موبارەکدا'.
پەرلەمانی ئێران، راپۆرتێکی ٣٠٠ لاپەڕەیی سەبارەت بە گەندەڵی ئەو کارگەیە ئامادە کردبوو.
سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، بەڵام حکوومەتی تاران ناو بە ناو بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو سزایانە زیانیان بە ئابووریی وڵات نەگەیاندووە.
حکوومەتی ئێران: 'لە پێنج مانگی رابردوودا داهاتی نەوت پێنج هێندە زیادی کردووە"