سەرکۆماری عێراق: گرنگە قەیرانی سیاسیی بە سازان و دیالۆگ چارەسەر بکرێت
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح جەختی کردەوە لە گرنگی پتەوترکردنی سازان و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە میانی دیداری لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت جەختی کردەوە لە گرنگی پتەوترکردنی سازان و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە کە لە دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بە ئاراستەی کۆتایی ھێنان بە قەیرانی سیاسی و ھێنانە ئاراوەی بەرکەوتە نیشتمانییەکان.
راشیگەیاندووە، جەختکراوەتەوە لە گرنگی پتەوترکردنی سازان و دیالۆگ روو لەچارەسەری کێشەکان کە ئەنجامەکەی جێگای رەزامەندی ھەموولایەک بێت و ببێتە مایەی مسۆگەرکردنی ئاسایش، سەقامگیری و ھێنانەدی داوا رەواکانی ھاووڵاتییان.
ماوەی زیاتر لە ١٠ مانگە، بەھۆی بەردەوامی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، عێراق بەرەوڕووی قەیرانی سیاسی بووەتەوە کە تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەر بکرێت.
تا ئێستا چەندین دەستپێشخەری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی لە عێراق پێشکەش کراون، بەڵام ھیچکام لەو دەستپێشخەرییانە ئەنجامیان نەبووە.