سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: "رووسیا جەنگی وزە ناباتەوە"
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، فاتیح بیرۆڵ باسی لەوە کرد کە رووسیا، هاوپەیمانە ستراتیجییەکانی بواری وزەی لەدەستداوە و گوتی: "رووسیا، جەنگی وزە ناباتەوە".
فاتیح بیرۆڵ لە میانی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی وزەی "ONS"ی ٢٠٢٢ لە نەرویج گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە نەرویج لە بواری وزەی ئەورووپادا، رۆڵێکی سەرەکی هەیە.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژەی بەوە دا کە هەندێک کەس پێیانوایە بەهۆی زیادبوونی داهاتەکانی وزەی رووسیا، دۆخێکی ئەرێنی بۆ ئەو وڵاتە هاتووەتەپێش، گوتیشی: "بەڕای من مۆسکۆ، لەسەر ئاستی جیهان، متمانەیەکی زۆری کڕیارەکانی لەدەستداوە. تەنها تەماشاکردنی داهاتەکان بەهەڵەماندا دەبات، چونکە رووسیا، جەنگی وزە ناباتەوە".
بترۆڵ ئەوەشی خستەڕوو کە ئیدی ئاستەمە رووسیا بتوانێت تا ساڵی ٢٠٣٠ توانای بەرهەمهێنانی ٣٠ ملیار مەترسێجا گازی سروشتی شلکراوە کارا بکات و گوتی: "دەبینین کە عەمبارەکانی گازی سروشتی پڕبوون. لە چەند مانگی داهاتوودا ئەوە دەبینین کە لەگەڵ پڕبوونی عەمبارەکانی رووسیا، مۆسکۆ گازی سروشتی زیاتر بەکاردەهێنێت".
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە تیشکیشی خستە سەر نیگەرانییەکان لە درەنگکەوتن بۆ بەدەستهێنانی وزەی خاوێن، دوای ئەو بەرەوپێشچوونە نەرێنیانەی لە بازاڕی وزەدا روویانداوە، گوتیشی: "لەئێستادا کێشەی وشکەساڵیی هەیە. نیوەی وێستگە ئەتۆمییەکانی فەڕەنسا کار ناکەن. ئەم قەیرانە هیچ پەیوەندییەکی نییە بە درەنگکەوتن بۆ بەدەستهێنانی بژاردەکانی وزەی خاوێن".