هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیرەکەی سەدر: "ھیچ شتێک لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆمان ناکاتەوە"

وەزیرەکەی سەدر:
وەزیرەکەی سەدر: "ھیچ شتێک لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆمان ناکاتەوە"

2022-08-31 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزیری سەدر، ساڵح محەمەد عێراقی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی چوارچێوەی ھەماھەنگی کردووە، رایگەیاند، لە ئێستاوە ھیچ شتێک لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆیان ناکاتەوە و نایانەوێت ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکبچێت.

ساڵح محەمەد عێراقی لە وەڵامی پەیامێکی سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری، لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئەو سەرکردەی نزیک لە موقتەدا سەدر لە پەیامەکەیدا کە ھادی عامری بە "شێخی چوارچێوەی ھەماھەنگی" ناوبردووە، تیایدا بەبێ ناوھێنان ھێرش دەکاتە سەر سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی و بە یەزید کوڕی معاویە بکوژی ئیمام حوسێن وەسفی دەکات و بە ئەنجامدانی چەندان تاوان تۆمەتبار دەکات.

وەزیرەکەی سەدر نووسیوویەتی "ھەرکەسێک بیەوێت گومەزی مەزارگەی پێشەوای ئیمانداران بۆردومان بکات، ئایا خۆپیشاندەران ناکوژێت؟! ھەرکەسێک لە رۆژانی راپەڕیندا فەرمانی کوشتنی سوپا و پۆلیس لە نەجەف بدات، ھاونەتەوە و بیروباوەڕەکەی ناکوژێت؟! ئەوەی ویستبێتی ھێرش بکاتە سەر نەجەف، (تۆمارە دەنگییە)دزەپێکراوەکانیش ئەوە دەسەلمێنن، ئایا خۆپیشاندەری بێ چەکە ناکوژێت؟!، ئەوەی شانازی بە کوشتنی سوننە و شیعەوە بکات، شۆڕشگێڕان ناکوژێت!؟ ئەوەی بووە ھۆکاری کوژرانی ھەزار و ٧٠٠ کەس لە سەربازگەی سپایکەر، شۆڕشگێڕانی چاکسازیی ناکوژێت؟!"

ساڵح محەمەد عێراقی رووی قسەکانی لە ھادی عامری دەکات و بە "شێخی چوارچێوەی ھەماھەنگی" ناوی دەبات و نووسیوویەتی "ئەی شێخی چوارچێوە چۆن دەتەوێت حوسێن کۆمان بکاتەوە، لەوکاتەی ئەو رازی نەبوو لەگەڵ یەزید کۆ ببێتەوە؟!"

وەزیرەکەی سەدر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بە ئاماژەدان بەوەی ئەوان ئامادەنین لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆببنەوە، رایگەیاندووە "لە ئێستاوە ھیچ شتێک کۆمان ناکاتەوە، بەڵام بەھۆی خۆشەویستی نیشتمان نامانەوێت ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکبچێت، جگە لەوە ئەی شێخی چوارچێوە داوات لێ دەکەین تەنھا خۆشەویستی حوسێن کۆمان بکاتەوە!!!!"

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری داوای لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کرد بێدەنگیی سیاسی و راگەیاندن بنوێنن و بە ئیمام حوسێن سوێندی دان بەوەی لەپێناو خۆشەویستی ئەو گوتارێکی میانڕەو پێڕەو بکەن، ئەمەیش لەپێناو بەسەرکەوتوو بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن و ھێورکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی متمانە لە نێوان شیعەدا.