هەواڵی کوردستان ئێستا

یەکێتیی ئەورووپا داوا لە وڵاتانی ئەندام ده‌كات بەکار‌هێنانی کارەبا کەم بکەنەوە

یەکێتیی ئەورووپا داوا لە وڵاتانی ئەندام ده‌كات بەکار‌هێنانی کارەبا کەم بکەنەوە
یەکێتیی ئەورووپا داوا لە وڵاتانی ئەندام ده‌كات بەکار‌هێنانی کارەبا کەم بکەنەوە

2022-09-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی وەستانی هاوردەی گازی سروشتیی لە رووسیاوە و بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان لە بازاڕی وزەدا، پلانی وایە داوا لە وڵاتانی ئەندام بکات، بەکارهێنانی کارەبا کەم بکەنەوە.

لە کۆمیتەی پیشەسازیی و لێکۆڵینەوە و وزەی پەرلەمانی ئەورووپا، گفتوگۆ کرا لەبارەی قەیرانی وزە، رێکارەکانی رێگریکردن لە قەیرانەکە و ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان.

جێگری بەڕێوبەری گشتیی یەکەی وزەی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، مێشتهیلد ڤۆرسدۆرفەر لە میانی کۆبوونەوەکەی کۆمیتەی پیشەسازیی، لێکۆڵینەوە و وزەی پەرلەمانی ئەورووپادا، باسی لەوە کرد کە عەمبارەکانی گازی سروشتیی لە ئەورووپا بە رێژەی سەدا ٨٠ پڕن، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە وڵاتانی ئەندام لە پێناو زیادکردنی ئاسایشی خستنەڕووی وزە، زستانی ئەمساڵ بە رێژەی سەدا ١٥ خواست لەسەر گازی سروشتیی کەم دەکەنەوە.

مێشتهیلد ڤۆرسدۆرفەر ئاماژەی بەوەشدا کە هەوڵی وڵاتانی ئەندام بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەیەکی هاوبەشی گازی سروشتیی بەردەوامە و گوتیشی: "لەئێستادا قەیرانێکی وزە هەیە. نرخی وزە، وەک گاز و کارەبا، بەجۆرێک بەرزبوونەتەوە کە پێشتر هاوشێوەیان نەبینراوە".

جێگری بەڕێوبەری گشتیی یەکەی وزەی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، مێشتهیلد ڤۆرسدۆرفەر ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتانی ئەندام ئەو رێگایانە تاوتوێ دەکەن کە لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی گاز و کارەبا، دەیگرنەبەر و گوتی: "رەنگە نرخێکی جێگیر دابنرێت وەک بەرزترین نرخ. فۆرمی جیاوازی بەرزترین نرخ هەیە و ئێمەش هەموو بژاردەکان تاوتوێ دەکەین".

مێشتهیلد ڤۆرسدۆرفەر تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە بەتایبەت لە پرسی نرخی کارەبادا رێوشوێنی بەپەلەیان گرتووەتەبەر و لێکۆڵینەوە لە رێگاکانی پاراستنی بەکاربەران لە پسووڵەی گران دەکەن، گوتیشی: "کار لەسەر رێوشوێنی بەپەلەی تایبەت بە نرخەکانی کارەبا دەکەین. رەنگە داوای کەمکردنەوەی خواست لەسەر کارەباش بکرێت. ئەم بژاردەیە و سەرجەم بژاردەکان تاوتوێ دەکەین".

ناوبراو ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، پێشتر هەنگاویان ناوە بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر گازی سروشتیی و پلانی ئەوەش هەیە کە خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەباش کەم بکرێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا کە گازی سروشتیی و کارەبا دوو بازاڕی زۆر جیاوازن.