هەواڵی کوردستان ئێستا

هێڵی ئاسمانیی لوفتهانسا 800 گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشاندەوە

هێڵی ئاسمانیی لوفتهانسا 800 گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشاندەوە
هێڵی ئاسمانیی لوفتهانسا 800 گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشاندەوە

2022-09-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

هێڵی ئاسمانیی لوفتهانسای ئەڵمانی رایگەیاند، بەهۆی مانگرتنی فڕۆکەوانانەوە کە بڕیار وایە سبەی دەست پێ بکات و بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمیر بەردەوام بێت، ٨٠٠ گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشاندوەتەوە.

کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، بڕیارەکەی سەندیکای فڕۆکەوانانی ئەڵمانیا (VC) لەبارەی مانگرتنی سبەی فرۆکەوانانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی لوفتهانسا كاریگه‌ری نەرێنی کردووەتە سەر کۆمپانیاکە و بەم هۆیەشەوە ئەو گه‌شتانەی کە بڕیار وابوو سبەی بۆ شارەکانی میونخ و فرانكفۆرت ئەنجام بدرێن، هه‌ڵوه‌شێندراونه‌تەوه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەمڕۆش ژمارەیەک لە گەشتە ئاسمانییەکان هەڵوەشاونەتەوە.

بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان لە لوفتهانسا، مایکل نیگێمان رایگەیاند لە مەبەستی بڕیارەکەی سەندیکای فڕۆکەوانانی ئەڵمانیا (VC) سەبارەت بە مانگرتنی فرۆکەوانان ناگەن و گوتی: "لایەنی خاوەنکار ئۆفەرێکی زۆر باش و هاوسەنگی پێشکەش کرد سەرەڕای کاریگەرییە بەردەوامەکانی قەیرانی کۆرۆنا و نادڵنیایی لە ئابووری جیهانیدا".

سەندیکای فڕۆکەوانانی ئەڵمانیا (VC) رایگەیاندبوو کە کۆبوونەوەکانیان بۆ زیادکردنی مووچەی فڕۆکەوانانی هێڵی ئاسمانیی لوفتهانسا کە یەكێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئەورووپا، بێئەنجام بووە و داواشی لە فڕۆکەوانەکان کردبوو، مان بگرن.

لە بەرواری دووی ئەیلوول لە کاتژمێر ٠٠:٠١ تا ٢٣:٥٩، مانگرتنەکە ئەنجام دەدرێت و جەخت لەوەش کراوەتەوە، فڕۆکەوانەکانی بەشی کارگۆی کۆمپانیاکەش بەشداری مانگرتنەکە دەکەن.

سەندیکای فڕۆکەوانانی ئەڵمانیا (VC) هەوڵدەدات لەڕێی ئەم مانگرتنەوە کارێک بکرێت بۆ چاککردنی مووچەی فڕۆکەوانەکانی سەربە هێڵی ئاسمانیی لوفتهانسا و داوا دەکات لەمساڵدا بەڕێژەی سەدا ٥،٥ مووچەی فڕۆکەوانەکان زیاد بکرێت و لە ساڵی داهاتوودا، بە ئەندازەی رێژەی هەڵئاوسان مووچەکان زیاد بکرێن.

دوای ئەوەی کە لە قۆناغی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا کارەکانی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان پەکیان کەوت، لەئێستادا بەشێوەیەکی بەرچاو کەرتی فڕۆکەوانیی ئەڵمانیا بووژاوەتەوە، بەڵام ناوبەناو ئەو کەرتە رووبەڕووی کێشەی کارمەند و مانگرتن دەبێتەوە.

بەتایبەت لەگەڵ دەستپێکی پشووەکانی وەرزی هاویندا، بەهۆی کەمی کارمەند لە زۆربەی فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتەدا، گەشتیاران ناچار دەبن لە ریزی درێژی چاوەڕوانیدا بوەستن.

هەروەها زۆرێک لە گەشتە ئاسمانییەکانیش هەڵوەشێندراونەتەوە یاخود بەهۆی دواکەوتنی گەشتەکەوە گەشتیارەکان نەیانتوانیوە لە کاتی پێویستدا بگەنە شوێنی مەبەست.