ڕێکخراوی زانست بە مەبەستی ناساندن (ئینسکلۆپیدیای کوردو کوردستان) کۆڕێکی ساز کرد
دیجیتال میدیای سپێده
ئەمڕۆ (3-9-2022ز) ڕێکخراوی زانست کۆڕێکی ساز کرد بۆ دەستەبژێرێک لە نووسەرو مامۆستایانی زانکۆو ڕووناکبیرانی شاری سلێمانی، بە مەبەستی ناساندن و هەڵسەنگاندنی بەرگی (1) و (2) و (3) ی (ئینسکلۆپیدیای کوردو کوردستان)، کە لە لایەن ڕێکخراوی (زانست)ەوە ئامادەو چاپکراوەو بڕیارە بەرگەکانی تری بەردەوام بن.
کۆڕەکە سێ کاتژمێری خایاندو تەواوی ئامادەبووان بەشدارییان کرد لە پێشکەشکردنی چەندین سەرنج و ڕەخنەو پێشنیارو بەرپرسانی ڕێکخراو بە سوپاسەوە موداخەلەکانیان لای خۆیان تۆمار کرد.
(ئینسکلۆپیدیای کوردو کوردستان)، پرۆژەیەکی ستراتیژیی، مێژوویی، زانستیی، کۆمەڵایەتیی، کلتووری، جوگرافی گشتگیرە، ئامانج لێی کۆکردنەوەو پاراستنی زانیارییە لەسەر کورد وەکو نەتەوەو کوردستان وەکو جوگرافیاو نیشتیمان، تا ئێستە سێ بەرگی لێدەرچووەو (312) وتاریان تێدا بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بە ژیاننامەی کەسایەتییەکان و بیبلۆگرافیای گوندو شوێنەکان و دەیان وتار لەسەر بابەتی ئەدەب و زمان و کلتورو ئاین و ئاینزاو شوێنەوارو.. هتد. بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا ئامادەکارییەکانی بەرگی چواریشی تەواوببێت.