نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى لە باڵیۆزى تازەى نیووزیلاند دەکات
هەولێر-KDP.info- سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ چوارشەممە 18/12/2019 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى تازەى نیووزیلاند لە عێراق خاتوو ترێدن دۆبسۆن کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە خاتوو ترێدن کرد و هیواى سەرکەوتنى لە کارەکانیدا بۆ خواست، هەروەها هەردوولا خواستى خۆیان بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوانیان لە بوارە جیاکاندا نیشان دا.
خاتوو تریدن سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى داعش و حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران دەربڕى و پوختەیەکیشی دەربارەى ئەرکى وڵاتەکەیان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى دژى داعش خستە ڕوو.
تاوتوێکردنى زەمینە و دەرەفەتى کار و وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان، پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى دواى شەڕى تیرۆر، دۆخى ئاوارە و پەنابەران و چۆنیەتیى گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانى خۆیان، پێشهاتەکانى عێراق و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.