حکوومەتی عێراق هاوکاری خێزانە ئاوارە زیانلکەوتووەکانی کەمپی ھەرشەم دەکات
دیجیتال میدیای سپێده
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە وەکالەت، عوسمان غانمی داوای کرد کە بەپەلە یارمەتی مرۆیی پێشکەشی ئەو خێزانە ئاوارانەی کە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی کەمپی ھەرشەم لە سنووری پارێزگای ھەولێر زیانیان بەرکەوتووە، بکرێت.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە عوسمان غانمی داوای کردووە، بەپەلە یارمەتی مرۆیی پێشکەشی ئەو خێزانە ئاوارانە بکرێت کە ئەمڕۆ سێشەممە بەھۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی ھەرشەم لە سنووری پارێزگای ھەولێر زیانیان بەرکەوتووە.
راشیگەیاندووە، ئاگرەکە بەھۆی شۆرتی کارەباوە لە کەمپەکە کەوتووەتەوە کە زیانی گیانی نەبووە.
باسی لەوەشکردووە کە تیمەکانی سەربە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لەسەر داوای عوسمان غانمی دەستیان کردووە بە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بەخێزانە ئاوارە زیانلکەوتووەکان، ھەروەھا زیانە ماددییەکان کە لە ئەنجامی رووداوەکەوە بەر ژمارەیەک خێزانی ئاوارە کەوتووە، تۆمار دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە پێنجی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ئاگر لە کەمپی ھەرشەم لە سنووری پارێزگای ھەولێر کەوتەوە و بەھۆیەوە، شەش کەرەڤانی ئاوارەکان سووتان.
کەمپی ھەرشەم لە ساڵی ٢٠١٥دا لە نزیک شارۆچکەی عەنکاوە سەربە پارێزگای ھەولێر دروستکراوە کە ئاوارەکانی قەزای شنگال تیایدا نیشتەجێکراون.
لە ماوەکانی رابردوودا، چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی ھەرشەم روویانداوە کە جگە لە زیانی ماددیی، زیانی گیانیان نەبووە.