ئەردۆغان: ئەم زستانە ئەورووپا دووچاری کێشەی جیددی دەبێتەوە
دیجیتاڵ میدیای سپێدە
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان لەبارەی قەیرانی گازی سروشتی لە ئەورووپا رایگەیاند "وای بۆ دەچم بۆ ئەم زستانە، ئەورووپا دووچاری کێشەی جیدی ببێتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرلە بەڕێکەوتنی بۆ بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا کە یەکەم وێستگەی گەشتەکەی دەبێت بۆ وڵاتانی بەلقان لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
سەرکۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی کە ٣٠ ساڵە تورکیا پەیوەندی دیپلۆماتی لەگەڵ بۆسینا و هەرزەگۆڤینا و کرواتیا دروست کردووە، ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی سیاسەتێکی گرتووەتە بەر کە پشتیوانی لە سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی بەلقان دەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی قەیرانی گازی سروشتی لە ئەورووپا رایگەیاند "ئەورووپا چی چاندووە ئەوە دەدروێتەوە. بە دڵنیایییەوە بتەوێت و نەتەوێت هەڵوێست و سەپاندنی سزاکان لەلایەن ئەورووپاوە بۆسەر رووسیا، وای لە بەڕێز (سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر) پوتین کردووە لە بەرامبەر ئەمەدا تەواوی تواناکان و کارتەکانی دەستی (بەرامبەر ئەورووپا) بەکار بهێنێت. گرنگترین کارتی ئەمەیش گازی سروشتییە. بەداخەوە وای بۆ دەچم بۆ ئەم زستانە ئەورووپا دووچاری کێشەی جیددی ببێتەوە. ئێمە (وەک تورکیا) کێشەیەکی لەم جۆرەمان نابێت".