موقتەدا سەدر: "نابێت رووداوەکانی ئەم دواییە دووبارە ببێتەوە"
دیجیتال میدیای سپێده
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات کە ئەگەر ھەر سەرپێچیەکیان بەرامبەر کرا ئەوا لایەنی پەیوەندار ئاگادار بکەنەوە و نابێت رووداوەکانی ئەم دواییە و ھاوشێوەی دووبارە ببێتەوە.
موقتەدا سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بۆ رای گشتیی و لایەنگرانی رەوتەکەی بڵاوکردەوە.
سەرکردەی رەوتی سەدر نووسیوویەتی، "ئەرکێکی پابەندییە بەھەموو شێوەیەک پارێزگاری لە ئاشتەوایی و ئاشتی بکرێت لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی ئەمساڵی چلەی ئیمام حوسێن، چونکە چەند لایەنێک ھەن دەیانەوێت تۆوی دووبەرەکی بچێنن، بۆیە داوا لە ھەمووان دەکەم ئەو ھەلەیان لەدەست بچوێنن، لە بەعسییەکان یان ھەر لایەک بن.
موقتەدا سەدر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوا لە لایەنگرانی دەکات ھەر کەسێک توندوتیژی یان خراپەکاری یان بەریەککەوتن دروست بکات، ئەوا ئەو لێی بێبەرییە و رایگەیاندووە، "ئەگەر ھەر پێشھاتێکیش روویدا، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکرێتەوە تاوەکو بەپێی یاسا بەر ئەرکی خۆی ھەڵبستێت".
سەرکردەی رەوتی سەدر بە لایەنگرانی دەڵێت، "ئەگەر خراپەیان بەرانبەر کردن، گوێی پێمەدەن یان لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگەدار بکەنەوە.. ھیچ کەسێک بۆی نییە وەڵام بداتەوە، ھەموومان دەمانەوێت خزمەتی ئیمام حوسێن بکەین، رازی نابین رووداوەکانی شەعبانی و ھاوشێوەکەی دووبارە ببێتەوە.. عێراق ئەمانەتە لەسەر ھەموومان بەبێ جیاوازیی".
موقتەدا سەدر لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت ھێزەکانی سەرایا سەلام، (باڵی سەربازیی رەوتی سەدر)، یان حەشدی شەعبی یان ھەر گرووپێکی دیکەی چەکدار، دەست لەو کارانە وەربدات کە بە سوپاسەوە ھێزە ئەمنییەکانی دیکە سپێردراوە.