لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەرھەمی خۆماڵی سعوودیە بەڕێژەی سەدا ٢،١٢ گەشەی کردووە
دیجیتال میدیای سپێده
دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە رایگەیاند کە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا، بەرھەمی خۆماڵی ئەو وڵاتە بەڕێژەی سەدا ٢،١٢ گەشەی کردووە.
دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە ئاماژەی بەوەداوە کە گەشەی بەرھەمی خۆماڵی ئەو وڵاتە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا، بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە لە چارەکی سێیەمی ساڵی ٢٠١١دا.
بەرھەمی خۆماڵی سعوودیە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا، لەسەر بنەمای ساڵانە گەشەی کردووە، ئەوەیش لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی کەرتی نەوت بەڕێژەی سەدا ٩،٢٢ لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرھەمھێنان و نرخی نەوت، ھەروەھا بەرزبوونەوەی کەرتی نانەوتی بەڕێژەی سەدا ٢،٨ و بەرزبوونەوەی کەرتی گشتیی بەڕێژەی سەدا ٢،٤.
لە خوێندنەوەی بەرایی دەستەکەدا، ئاماژە بەوە دراوە کە گەشەی بەرھەمی خۆماڵی سعوودیە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا، بەڕیژەی سەدا ٨،١١ بوو، سعوودیە پێشبنی کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بەرھەمی خۆماڵی بەڕێژەی سەدا ٤،٧ لەسەدا گەشە بکات، ھەروەھا سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە پێشبینی کردووە کە بەرھەمی خۆماڵی سعوودیە بەڕێژەی ٦،٧ لەسەدا گەشە بکات.
سعوودیە گەورەترین ھەناردەکاری نەوتە لە جیھاندا و سێیەم گەورەترین بەرھەمھێنەری جیھانە و گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتە لە رێکخراوی "ئۆپێک"، بەو پێیەی رۆژانە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت.