هەواڵی کوردستان ئێستا

دادگای فیدرالی عێراق: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە

دادگای فیدرالی عێراق: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە
دادگای فیدرالی عێراق: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە

2022-09-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دادگای باڵای فیدراڵیی لە عێراق سکاڵای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی رەتکردەوە و راگەیاند کە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە شەشی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدراڵیی لە عێراق دانیشتنی خۆی لەبارەی ئەو سکاڵایەی کە لەلایەن رەوتی سەدرەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش کرابوو، ئەنجام دا.

دوای کۆتایی ھاتنی دانیشتنەکە دادگای باڵای فیدراڵیی راگەیەندراوێکی بڵاوی کردەوە و تیایدا ھاتووە: "ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دوای ھەڵبژاردنیان، نوێنەرایەتیی خۆیان و فراکسیۆنە سیاسییەکانیان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتیی گەل دەکەن، بۆیە پێویست بوو کار بۆ ئەوە بکەن کە لە پێناویدا ھەڵبژێردراون، ئەوەیش بەرژەوەندی گەلە، نەک ببنە ھۆکارێک بۆ پەکخستنی بەرژەوەندی گەل و ھەڕەشە لە سەلامەتی گەل بکەن".

راشیگەیاندووە کە سەقامگیری پرۆسەی سیاسیی لە عێراق وا دەخوازێت ھەموو لایەک پابەندبن بە دەستوور و پێشێلی نەکەن، ھەروەھا نابێت ھیچ دەسەڵاتێک تا کاتێکی نادیار بەردەوام بێت لە پێشێلکردنی ماوە دەستوورییەکان، چونکە ئەمە پێشێلکردنی دەستوورە و رووخاندنی کۆی پرۆسەی سیاسییە، ھەروەھا ھەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی وڵات و ھاووڵاتییان".

ئەو سزایەی کە بەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران دەسەپێنرێت، ئەوەیە ئەرکە دەستوورییەکانی بەجێنەگەیاندووە کە ئەوەیش ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەیە کاتێک پاساو بۆی ھەبێت و ھاتووە "دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥، میکانیزمی دەستووریی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەپێی ماددەکانی ٦٤ دیاریی کردووە".

لە راگەیەندراوەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی-دا، ھەروەھا ھاتووە "دەسەڵاتەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی بەپێی ماددەی ٩٣ی دەستوور و ماددەی چواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی دیاریی کراوە کە لەنێودا، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران ناگرێتەوە".

روونیشی کردووەتەوە کە دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥، رێکخستنی رێساکانی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پشتگوێ نەخستووە، لەبەر ئەوەی ھیچ بوارێک بۆ جێبەجێکردنی پشتگوێ خستنی دەستووریی نییە.

رۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٢ سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای لە دەسەڵاتی دادوەریی کرد کە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

رۆژی ١٤ی ئابی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق لەبارەی داواکارییەکەی موقتەدا سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند کە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، رەوتی سەدر سکاڵایەکی پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵیی کرد کە تیایدا داوای کردبوو، ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە.

لە سکاڵاکەی رەوتی سەدردا کە لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵیی کراوە تیادا باس لە تێپەڕبوونی وادە دستوورییەکان کرابوو لەوەی تا ئێستا سەرکۆماری نوێ ھەڵنەبژێردراوە، ھەروەھا حکوومەتی نوێیش پێکنەھێنراوە.