وڵاتی چین جۆرە کانزایەکی نوێی لەسەر مانگ دۆزیەوە
دیجیتال میدیای سپێده
زانایانی وڵاتی چین، دۆزینەوەی جۆرە کانزایەکی نوێیان لەسەر مانگ راگەیاند.
بەرپرسانی دەزگای بۆشاییی چین (CNSA)، دەزگای ئەتۆمی نیشتمانی (CNNC) و دەسەڵاتی وزەی ئەتۆم (CAEA) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دۆزینەوەی کانزا نوێیەکەیان راگەیاند. ئەو کانزایە کە لە نموونەی ئەو بەرد و خاکەدا دەرهێنرا و دۆزرایەوە کە لەلایەن ئامیرێکی تایبەت بە دۆزینەوە لەسەر مانگ کۆکرابوونەوە، بە "Changesite-(Y)" ناونرا.
بەرپرسی دەزگای ئەتۆمی نیشتمانیی چین، ڤانگ شوێکون رایگەیاند، زانایانی پەیمانگای توێژینەوەی جیۆلۆجیی یۆرانیۆمی پەکین کە سەربە دامەزراوەکەن، بە تیشکی ئێکس تەنۆلکەیەکی بلورییان لە زیاتر لە ١٤٠ هەزار تەنۆلکەی مانگ جیاکردووەتەوە، پارچەیەک لە کانزای نوێیان دۆزیوەتەوە کە تیرەکەی هێندەی یەک لەسەر دەی تاڵە قژێکی مرۆڤە.
کانزای "Changesite-(Y)" لەلایەن کۆمیسیۆنی کانزا و زاراوە و پۆلێنکردنی نوێی سەربە یەکێتی نێودەوڵەتیی کانزازانی پشتڕاستکرایەوە و تۆمارکرا و بووه شەشەمین کانزای نوێ کە تا ئێستا لەسەر مانگ دۆزراوەتەوە.
بەر لە وڵاتی چین، پێشتر ئەمریکا و رووسیا کاری دۆزینەوەی کانزا نوێیەکان بە کۆکردنەوەی نموونەی بەرد و خاک لەسەر رووی مانگ، ئەنجام دابوو.
ئەم دۆزینەوە بەر لە "فێستیڤاڵی ناوەڕاست-پایز" راگەیەندرا کە بە "فێستیڤاڵی مانگ"یش ناودەبرێت و بڕیار وایە سبەی لە وڵاتی چین بەڕێوەبچێت.