هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانی لە سوید بەڕێوەدەچێت
دیجیتاڵ میدیای سپێده
بەمەبەستی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانی نوێ، دەنگدەرانی سوید چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
پرۆسەی دەنگدان کە لە کاتژمێر 8.00 بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد، کاتژمێر 20.00 کۆتایی دێت.
لەو هەلبژاردنەدا، حکوومەتی نوێ کە چوار ساڵ وڵاتەکە بەڕێوە دەبات، لەگەڵ سەرۆکی شارەوانییەکان دیاریی دەکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێر 21.00 بەکاتی ناوخۆی سوید، ئەنجامی دەرچوونی سندوقی دەنگدان رابگەیەندرێت. دوای ئەو پێشبینیە و پاش هەژمارکردنی تەواوی دەنگەکان، ئەنجامی کاتیی رادەگەیەندرێت.
ئاماژە بەوە دەکرێت کە راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی چەند هەفتەیەک دەخایەنێت.
هەشت پارتی سیاسیی کە لەئێستادا لە پەرلەمانی سوید نوێنەریان هەیە، 349 کورسییان هەیە.
لەو لێکدانەوانەی لە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لە راگەیاندنی سوید ئەنجامدران، بۆچوونی ئەوە زاڵ بوو کە بلۆکی چەپ هەڵبژاردنەکە دەباتەوە، بەڵام تەنانەت لە پاش گفتوگۆیەکی دورودرێژ پێکهێنانی حکوومەت قورس دەبێت.
لە کاتێکدا هەر یەک لە پارتی سۆسیال دیموکرات، پارتی سەوز و ژینگە و پارتی چەپ کە لە بلۆکی چەپدان، دوای ئەوەی پارتی ناوەند لە بلۆکی راست رایانگەیاند کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی راستڕەوی توندئاژۆی سوید (SD) حکوومەت پێکناهێنن، چووە پاڵ بلۆکی چەپ.
هاوکات هەر یەک لە پارتی پارێزگارانی میانڕەو، پارتی کریستیان دیموکرات، پارتی لیبراڵ و پارتی دیموکراتەکانی سوید لە بلۆکی چەپدان.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە لە نۆی ئەیلوولی 2018 بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداربووان سەدا 87 بوو کە تیایدا پارتی سۆسیال دیموکرات سەدا 28،6ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بووە براوەی یەکەمی ئەو هەڵبژاردنە.
پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی، پارتی پارێزگارانی میانڕەو بە بەدەستهێنانی سەدا 19،84ی دەنگەکان پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
بەو ئەنجامانە، پارتی سۆسیال دیموکرات لەگەڵ پارتی سەوز و ژینگەدا، حکوومەتی کەمینەی چەپی پێکهێنا و بۆ ماوەی سێ ساڵ وڵاتی بەڕێوە برد.
دوای ئەوەی پارتی سەوز و ژینگە لە ساڵی 2021دا لە حکوومەت کشایەوە، پارتی سۆسیال دیموکرات بە تەنیا بەردەوام بوو لەسەر بەڕێوەبردنی حکوومەتەکەی.