هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمریکا دوو ملیۆن دۆلار دابین دەکات بۆ پاککردنەوەی مین لەو ناوچەی جەنگی قەرەباغی تێدا ڕویدا

ئەمریکا دوو ملیۆن دۆلار دابین دەکات بۆ پاککردنەوەی مین لەو ناوچەی جەنگی قەرەباغی تێدا ڕویدا
ئەمریکا دوو ملیۆن دۆلار دابین دەکات بۆ پاککردنەوەی مین لەو ناوچەی جەنگی قەرەباغی تێدا ڕویدا

2022-09-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بڕی دوو ملیۆن دۆلار دابین دەکات بۆ پاککردنەوەی مین لەو ناوچانەی بووبوونە گۆڕەپانی پێکدادانی سەخت لە کاتی جەنگی قەرەباغ لەنێوان هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا هاتووە "ئەمریکا بە مەبەستی هێنانەدی ئاشتی و هاندانی هەماهەنگی بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنێت بڕی دوو ملیۆن دۆلار دابین دەکات بۆ هەڵمەتەکانی پاککردنەوەی مین لەو ناوچانەی پێکدادانی سەخت تیایاندا روویداوە لە پاییزی ٢٠٢٠ لەنێوان هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە قەفقازیای باشوور".

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بوونی مین و تەقەمەنی نەتەقیوو، مەترسی گیانلەدەستدان و کەمئەندامبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی زیاتر کردووە و بووەتە بەربەست لە بەردەم گەشەی ئابووری و گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی لەسەر ماڵوحاڵی خۆیان هەڵکەندراون بەشێوەیەکی ئاسایشپارێزراو.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بیری خستووەتەوە کە ئەمریکا هەروەها لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١ بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلاری بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە، نووسیوویەتی "لە رێگای ئەم هاوکارییە نوێیەی ئەمریکاوە توانای تەکنیکی بۆ پاککردنەوەی ناوچەکان لە مین و تەقەمەنییە نەتەقیووەکان بەهێزتر دەبێت. ئەم هەوڵانە رۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤ و گەڕانەوەی ئاوارە و دەربەدەربووان بۆ زێدی خۆیان بەشێوەیەکی ئاسایشپارێزراو".