هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرکۆماری میسر سەردانی قەتەر دەکات

سەرکۆماری میسر سەردانی قەتەر دەکات
سەرکۆماری میسر سەردانی قەتەر دەکات

2022-09-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرکۆماری میسر سەردانی قەتەر دەکات و ژمارەیەک پرسی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی، ھەروەھا پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ میری ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.

سەرچاوەیەکی باڵا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە سەردانەکەی عەبدولفەتاح سیسی بۆ قەتەر دوو رۆژ دەخایەنێت و لە میانیدا ژمارەیەک پرسی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی، ھەروەھا پتەوتر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ میری ئەو وڵاتە، تەمیم بن حەمەد ئال سانی تاوتوێ دەکات.

ئەمە یەکەمجارە عەبدولفەتاح سیسی سەردانی قەتەر دەکات، ئەوەیش دوای سێ مانگ لەو سەردانە دێت کە تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە ٢٤ی حوەزیرانی رابردوودا بۆ میسر ئەنجامی دا و لە میانیدا، ژمارەیەک پرس کە جێگای بایەخی ھەردوولا بوون لەگەڵ سەرکۆماری ئەو وڵاتە تاوتوێ کرد.

لە ئایاری ساڵی رابردوودا میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی عەبدولفەتاح سیسی کرد بۆ ئەوەی سەردانی دۆحە بکات، ئەوەیش لەچوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات کە لە ساڵی ٢٠١٧دا پچڕابوو.

لە ساڵی ٢٠١٧دا ھەریەک لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند، رێگا وشکانیی، دەریایی و ئاسمانییەکانیان بەڕوویدا داخست و گەمارۆی ئابوورییان خستەسەر، بەوەیش قەیران لە ناوچەی کەنداو سەریھەڵدا.

لە پێنجی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، رێککەوتننامەی ئاشتەوایی لە میانی لووتکەی کەنداودا کە لە شاری عولا باکووری رۆژئاوای سعوودیە بەڕێوەچوو، واژووکرا.

دوای واژووکردنەوەی رێککەوتنامەکە، پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و میسر بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە ئاساییکردنەوە کرد.

ھەروەھا لووتکەی عولا کۆتایی بەو ناکۆکییە ھێنا کە لە ھاوینی ٢٠١٧دا لەنێوان قەتەر لەگەڵ ھەریەک لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر دروست بوو.