ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : مامۆستا كاری پیرۆزی پێغەمبەران دەكات و عەقڵ و هۆش و كەسایەتی رۆڵەكانی گەل بنیات دەنێ
دیجیتاڵ میدیای سپێده
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە بەرواری 12/9/2022 لە میانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای مامۆستایانی یەكگرتوو لە شاری هەولێر ، بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەمیانەی وتەیەكدا بۆ ئامادەبوون، دەستخۆشی و پێزانینی هەبوو بۆ ئەنجومەنی باڵای مامۆستایانی یەكگرتوو كە پرۆژەی چادرگەی بنیاتنانی تواناكانی مامۆستایانیان لە كوردستان ئەنجامدا، بەو هیوایەی ببێتە دەستپێكێكی باش بۆ سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن و خزمەتكردنی قوتابیان و نەوەكانی ئەم نیشتمانە.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پیرۆزبایی ساڵی نوێ ی خوێندنی لێ كردن و داوای كرد كە پەیامدارانە شان بدەنە ژێر ئەركی پەروەردەیی و زانستی خۆیان و خەمی ئاستی زانستی و پەروەردەیی قوتابیانی نیشتمان بخۆن، مامۆستا دەبێ مەشخەڵی دڵسۆزی و كارامەیی و رەوشت بەرزی و خەمخۆری بێ، مامۆستا كاری پیرۆزی پێغەمبەران دەكات و عەقڵ و هۆش و كەسایەتی رۆڵەكانی گەل بنیات دەنێ و رەنگڕێژی ئایندەی وڵات دەكات .
لە تەوەرەیەكی تردا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی كرد بە بێ نازی مامۆستایان و داوای كرد كە حكومەت ئاوڕی جیدی بداتەوە لە كەرتی خوێندن و رایگەیاند بەداخەوە دەسەڵات بەو ئاستە بایەخی بە مامۆستا نەداوە و سەرقاڵی كردووە بە خەمی بژێوی و مافە سەرەتاییەكانیەوە، و ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكانە كە مافەكانی مامۆستایان و پێداویستی قوتابخانە و قوتابیان دابینبكات.