ئێران: "لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ سعوودیە ھیچ مەرجێکی پێشوەختەمان نییە"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کە وڵاتەکەی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سعوودیە، ھیچ مەرجێکی پێشوەختەی نییە.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەشێوەیەکی گونجاو وەڵامی ھەر کارێکی بنیاتنەرانەی سعوودیە دەداتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوایشی لە ریاز کردووە کە سیاسەتێکی بنیاتنەرانە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران پەیڕەو بکات و گوتی: "ئێران لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سعوودیە، ھیچ مەرجێکی پێشوەختەی نییە".
ناسر کەنعانی لەبارەی پابەندبوونی ئێران سەبارەت بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھێشتا تاران ھێندەی پابەندبوونی بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، پاڵپشتی لە داماڵینی چەکی ئەتۆمی دەکات و گوتی: "ئێران داوا دەکات کە پارێزبەندییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەبێ جیاواز و بێلایەنانە جێبەجێ بکرێت".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پیشییانە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە تاران جێبەجێ بکات، وەک ئاماژەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی کە ئیسرائیل لەوبارەیەوە ئاراستەی ئێرانی کردووە.