رووسیا: ھێرشەكانمان بۆسەر ئۆکراینا بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی ئامانجەکەی بەدی دێت
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ رایگەیاند کە ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی ئامانجەکەی بەدی دێت.
میدیاکانی رووسیا بڵاویان کردەوە، دمیتری پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەیشداوە کە لەئێستادا، ئەگەری ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤ لەئارادا نییە.
ئەمەیش لە کاتێدایە ئۆکراینا کۆنترۆڵکردنەوەی ژمارەیەک ناوچەی لە باشوور و رۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە لەژێر دەستی ھێزەکانی رووسیا راگەیاندووە.
پێشتر سوپای رووسیا رایگەیاندبوو ئەو ناوچانەی کە لە خارکێڤ لەلایەن ھێزەکانی ئۆکرایناوە کۆنترۆڵکراونەتەوە، بۆردومانکردووە.
ھاوکات سوپای ئۆکراینا رایگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا و لەچوارچێوەی دژەھێرش بۆسەر سوپای رووسیا، ٢٠ شارۆچکەی لە رۆژھەڵات و ٥٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە باشووری وڵاتەکەی کۆنترۆڵکردووەتەوە.
ماڵپەڕی "Euronews" بڵاوی کردەوە، سوپای ئۆکراینا جەختی کردووەتەوە کە بەردەوامە لە ئەنجامدانی دژەھێرش بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لە شارەکانی خارکێڤ و دۆنێتسک لەلایەن ھێزەکانی رووسیاوە داگیرکراون.
سوپای ئۆکراینا رایگەیاندووە کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا، سێ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە خاکی وڵاتەکەی لەژێر دەستی ھێزەکانی رووسیا کۆنترۆڵکردووەتەوە.