کرێکارانی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە هەڵەبجە مانگرتنیان ڕاگەیاند و دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرت
2022-09-12 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
کرێکارانی کۆمپانیای بیڤان کە کاری پاکردنەوەی هەڵەبجەیان لە ئەستۆگرتووە، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان بۆماوەی 2 مانگ و 12 ڕۆژ دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرت. سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش دەڵێت ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیا و شارەوانیدا کراوە کرێکارەکان ئاگادار نەبوون و پێویستە سەرجەم شایستە داراییەکانیان بۆ بگەڕێنەوە، ڕێگەش نەدرێت بە زەخت وایان لێبکرێت دەست لە ماف و کارەکانیان هەڵگرن. کرێکارانی پاکەرەوەی کۆمپانیای بیڤان لە هەڵەبجە لە بەرامبەر دواکەوتنی مووچەکانیان کارکردنیان هەڵپەسەردا و ڕێگای سەرەکی شارەوانی هەڵەبجەیان بۆ ماوەیەک داخست، سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی هەڵەبجە دەڵێن لە ڕۆژە پشووەکانیشیان کاریان پێکراوە، ئێستا پێیان وتراوە کە حکومەت پارەی کۆمپانیاکە خەرج ناکات، کێ دەیەوێت وازبهێنێت ئەوا بڕەپارەی دوومانگەی پێدەدرێت، کرێکارانیش دەڵێن بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارەیە و پێویستە حکومەت گرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکات . تەیمور کاکەوەیس کرێکاری پاکەرەوەی کۆمپانیای بیڤان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دوومانگ و 12 ڕۆژە مووچەمان پێنەدراوە کۆمپانیاکە پێیان وتین ئەوانەی کە پارەیان دەوێت هی دوو مانگەکەیان دەدەینێ و وازبهێنن ئێمە لە دۆخێکی خراپداین." کارزان محەمەد نجمەدین لێپسراوی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەمانە کرێکاری پاکەوانن، شارەوانی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکە هەیە ئەگەر تا چوار مانگ حکومەت مووچەی کۆمپانیای نەدا ئەوا کۆمپانیاش پارەی کرێکارەکان نادات، کرێکار ئاگایی لەم گرێبەستە نیە، ڕۆژانی سێشەممان پشوویانە، بەڵام ئێستا ئیشیان پێدەکرێت و 50 هەزار لە پارەکەشیان بڕدراوە." سەلام عەبدالقادر لێپسراوی ژینگە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " یەک ملیار و 700 ملیۆن دیناری کۆمپانیا لای حکومەتە بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەوە پارەکەیان بۆ خەرجنەکراوە، جەختمان لەوە کردووەتەوە تا 2 شەممەی داهاتوو پێویستە مووچەکانیان وەربگرن." 186 هاووڵاتی وەک پارەکەرەوە لە کۆمپانیاکەدا کاردەکەن سەر لە بەیانیان لە کاتژمێر 7بۆ11 و لە ئێوارانیشدا لە کاتژمێر 1 بۆ 4ی ئێوارە کاردەکەن، ئەوان دەڵێن ئێمە کرێکارین و داوای مافی خۆمان دەکەین، ئەو گرفتانەی هەن پەیوەست نین بەوانەوە.