هەواڵی کوردستان ئێستا

"ھێزەکانی ئەمەریکا بەنیازن بگەڕێنەوە مەخموور"

"ھێزەکانی ئەمەریکا بەنیازن بگەڕێنەوە مەخموور"
"ھێزەکانی ئەمەریکا بەنیازن بگەڕێنەوە مەخموور"

2019-11-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

مەخموور -KDP.info-  بڕیارە ھێزێکی ئەمەریکا لە دەڤەری قەراجی سەر بە قەزای مەخموور بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش جێگیر بکرێن و بەرپرسێکی مەخمووریش دەڵێ، داعش لە دەڤەری مەخموور مەترسیی پەیدا کردووە و ئەگەری بەڕێوەبردنی کردەوەی تیرۆریستییان ھەیە.

عەبدوڵڵا تاھیر، بەرپرسی ناوچەی مەخمووری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەیەکە جووڵەی چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور زیادی کردووە، بەتایبەتی لە ھەردوو ناوچەی قەرەچۆخ و دەشتی قەراج چەکدارانی داعش بەئاشکرا هەن و لە پێدەشتەکانی قەراجەوە بۆ ناوچەکانی دیکە ھاتوچۆ دەکەن."

بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "پێشتر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە سنووری شارەدێی قەراج ھەبوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ھێزێکی ئەمەریکی سەردانی ئەو ناوچەیەی کردووە بۆ ئەوەی دوبارە ھێزێکیان لە سنووری قەراج جێگیر بکرێت، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھێزێکیان نەبردووەتە قەراج."

عەبدوڵڵا تاھیر ڕوونی کردەوە: "مەبەست لە جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا لە قەراج بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعشە لەو سنوورە، چونکە دوای ئاڵۆزییەکانی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنووری مەخموور داعش مەترسیی پەیدا کردووە و پێشبینیی کردەوەی تیرۆریستییان لێ دەکرێت."

قائید میرۆ