هەواڵی کوردستان ئێستا

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى باڵاى تایەفە مەسیحییەکان کرد

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى باڵاى تایەفە مەسیحییەکان کرد
نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى باڵاى تایەفە مەسیحییەکان کرد

2019-12-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە مەسیحییەکان بەشێکى گرنگ و پێکهاتەیەکى ڕەسەنى هەرێمى کوردستانن و هەزاران ساڵە لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکەى وڵات پێکەوە دەژین، هەروەها ڕۆڵى پیاوانى ئایینیى مەسیحى و کەنیسەکانى لە قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى لە هەرێمى کوردستان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە بە لانەى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و ئاشتەوایى بۆ هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 18/12/2019، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە ئەنجومەنى سەرۆکانى تایەفە مەسیحییەکان لە عێراق کرد کە لە ژمارەیەک مەتران و قەشە و پیاوانى ئایینیى تایەفە مەسیحییەکان لە عێراق بە سەرۆکایەتیى بەڕێز مەتران ئاڤاک ئەسەدۆریان، ئەمیندارى گشتیى ئەنجومەنەکە، هاتبوونە پیرۆزبایى و سەردانى بەڕێزیان.

ئەنجومەنى سەرۆکانى تایەفە مەسیحییەکان لە عێراق لە پەیامێکدا دووبارە پیرۆزباییی دەستبەکاربوونیان لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى کرد و هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواست، هەروەها سوپاسى جەنابیان و گەل و حکوومەتى هەرێمى کوردستانیان کرد بۆ بەهاناوەچوون و پاراستنى مەسیحییەکان و یارمەتیدانیان لە بنیاتنانى کەنیسەکان و هیوایان خواست هەرێمى کوردستان بە نموونەى سەقامگیرى و پێشکەوتن و بەها بەرزەکانى مرۆڤایەتى بمێنێتەوە، وەفادارى و دڵسۆزیى خۆیشیان بۆ کوردستان و ئامادەییان بۆ خزمەت و جێبەجێکردنى ئەرکەکانیان دووپات کردەوە.

شاندەکە سوپاسى بەڕێزان وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى و بەڕێوەبەرى گشتیى کاروبارى مەسیحییەکانیان لە وەزارەت کرد کە ئامادەى دیدارەکە بوون، هەروەها پوختەیەکیان دەربارەى دۆخى مەسیحییەکان لە شارەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان، کار و ئەرک و کێشە و داواکاریى کەنیسەکان، دۆخى ئاوارە مەسیحییەکان لە هەرێمى کوردستان و چەند بابەتێکى دیکە خستە ڕوو.