ئەمریکا 130 ملیۆن دۆلاری لە یارمەتییەکانی بۆ میسر بلۆک کرد
دیجیتاڵ میدیای سپێده
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند کە ئیدارەی سەرۆکی ئەو وڵاتە، جۆ بایدن بەھۆی دۆسیەی مافی مرۆڤەوە، بڕیاریداوە ١٣٠ ملیۆن دۆلار لە یارمەتییەکانی واشنتۆن بۆ قاھیرە کە دەگاتە ١،٣ ملیار دۆلار بلۆک بکرێت.
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا کە ناوی خۆیان ئاشکرا کردووە بە رۆژنامەی "The New York Times"یان راگەیاندووە کە دوێنێ سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن بڕیاریداوە بەڕێژەی سەدا ١٠ی لەو یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلارەی کە ساڵانە بۆ میسر تەرخان بکرێت، بلۆک بکرێت.
ھاوکات رۆژنامەکە لە ئەنتۆنی بلینکن-ی گواستووەتەوە کە قاھیرە ھەندێک پێشڤەچوونی بەخۆوە بینیوە لەبارەی دەستگیرکردنە سیاسییەکان و ئازداکردنی سەدان زیندانیکراو.
ئاماژەی بەوەیشداوە، ئەو ھەنگاوە بەھۆی فشاری ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەربە پارتی دیموکرات نراوە کە داوا دەکەن ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لە یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ میسر بلۆک بکرێت، تا ئەو کاتەی رەوشی مافی مرۆڤ لە میسر باش دەبێت.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە، حەوت ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی گریگۆری دبلیو میکس، نامەیەکی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کردبوو کە تیایدا نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لەبارەی بەردەوامبوونی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە میسر.
ھەروەھا ئەو ئەندامانی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەکەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە کە ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکان کە بەشێوەیەکی یاسایی نیشتەجێی ھەمیشەیی ئەمریکان، بەرەڕووی "مامەڵەی خراپ وەک ئەشکەنجەدان و کەمتەرخەمی پزیشکی" بوونەتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی میسر رەتی دەکەنەوە.
لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا، کارەکانی لیژنەی لێبوردنی سەرۆکایەتی میسر دوای دووبارە پێکھێنانەوەی کارا کرایەوە کە ئەوەیش ھاوکات بوو لەگەڵ بانگەوازەکەی سەرکۆماری ئەو وڵاتە، عەبدولفەتاح سیسی بۆ دەستپێکردنی یەکەم گفتوگۆی نیشتمانیی دوای وەرگرتنی دەسەڵات لە ھاوینی ٢٠١٤دا کە ژمارەیەک بڕیاری لێبوردنی سەرۆکایەتیی بۆ ئازادکردنی زیندانیان دەرکرد.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو لەو کاتەوە تا ئێستا، ١٩٦ زیندانیکراو لە میسر بە بڕیاری دادوەریی و لێبوردنی سەرۆکایەتیی لە پرسەکانی تایبەت بە ئازادی رادەبڕین ئازادکراون.
بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی زیندانییە ئازاکراوەکان لە میسر، گەیشتووەتە ٧٠٠ کەس، بێ ئەوەی ژمارەیەک کەسایەتییەکانی سەربە ئۆپۆزسیۆن لەنێویاندا دیاریی بکرێت.