ئەمریکا بە بەهای 600 ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازیی نوێ پێشکەشی ئۆکراینا دەکات
دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن رایگەیاند بە بەهای ٦٠٠ ملیۆن دۆلار چەک و تەقەمەنی لە کۆگاکانی سوپای ئەمریکاوە بۆ ئۆکراینا دابین دەکەن.
لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، ئانتۆنی بڵینکن رایگەیاندووە: "لە ژێر رۆشنایی ئەو فەرمانەی کە لەلایەن سەرۆک (جۆ بایدن)ەوە دەرچووە، ئەمریکا ٢١ەمین پاکێجی هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکراینا دەنێرێت. ئەم پاکێجی هاوکارییە کە بەهاکەی ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە چەک و تەقەمەنی و ئامێری سەربازی لەخۆ دەگرێت".
لە مانگی ئابی ٢٠٢١وە بۆ ئێستا ئەمریکا کۆی گشتی بە بڕی ١٥ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکراینا دابینکردووە.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) وردەکارییەکانی پاکێجی نوێی هاوکارییەکەی ئاشکرا کرد.
لەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن پنتاگۆن بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "ئەم پاکێجی هاوکارییە کە بۆ ئۆکراینا دەنێردرێت ئەمانە لەخۆ دەگرێت: تەقەمەنی زیادە بۆ سستەمی تۆپهاوێژی توانا بەرزی جۆری (HIMARS)، ٢٣٦ هەزار تۆپی ١٠٥ ملم، هەزار تۆپی ١٥٥ ملم، چوار راداری تۆپخانە، چوار بارهەڵگر و هەشت بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی ئامێری قورس، سیستەمی بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئامێری پاککردنەوەی مین، تەقەمەنی کلایمۆر، تەقەمەنی و ئامێرەکانی رووخاندن، چەکی سووک و تەقەمەنی، ئامێری شەوبین و چەندین کەلوپەلی دیکەی سەربازیی".