بەهۆی گرانی نرخی كهل و پهل لە نەمسا خۆپیشاندان ئهنجامدرا
دیجیتال میدیای سپێده
لەو خۆپیشاندانانەی لە زۆرێک لە شارەکانی نەمسا، بەتایبەتی ڤیەننای پایتەخت رێکخرا، پرۆتێستۆی گرانی گوزەران و کەمی مووچە کرا.
خۆپیشاندانەکان کە لەلایەن یەکێتیی سەندیکاکانی نەمساوە رێکخرابوو، دروشمی 'بەرزبوونەوەی نرخ راگرن' و 'نرخەکان بۆ خوارەوە و مووچەکان بۆ سەرەوە' بەرز کرانەوە.
لەو خۆپیشاندانانەدا کە لە ڤیەننای پایتەخت و نزیکەی ٤٠ شوێنی دیکە سازکران، ٣٠ هەزار کەس بەشدارییان کرد و داوایان کرد مووچەی فەرمانبەران بەتایبەتیش کەمترین مووچە زیاد بکرێت و بەر بەگرانی گوزەران بگیرێت.
سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی نەمسا، وۆڵفگانگ کاتزیان لە میانی خۆپیشاندانەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەو گفتوگۆیانەی هەفتەی رابردوو سەبارەت بە کەمترین مووچە بەهۆی هەڵئاوسانەوە کە رۆژ لە دوای رۆژ لە هەڵکشاندایە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بە پێویستیشی زانی حکوومەت کەمکردنەوەیەکی هاوشێوەی نرخی کارەبا بۆ نرخی گازی سروشتیش ئەنجام بدات.
سەرۆکی ژووری کرێکارانی نەمسا، رینەیت ئاندریڵ ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیا گەورەکان لەم سەردەمەدا قازانجی گەورە دەکەن و پێویستە حكوومەت لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، رێوشوێن بگرێتەبەر و داواشی کرد باج لەسەر ئەو کاڵایانە دابنرێت کە داهاتیان زۆرە.