ئێران: لە نیویۆرک گفتوگۆی دووقۆڵی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجام نادەین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی نیویۆرکدا، هیچ گفتوگۆیەکی دووقۆڵی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، ئەنجام نادات.
کەنعانی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە تارانی پایتەخت باسی لە گرنگترین رۆژەڤەکانی ئێستای وڵاتەکەی کرد و لە بارەی کۆبوونەوەکانی خولی ٧٧ەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی ئاشکرا کرد کە گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە رۆژەڤی لووتکەکەدا نییە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر هەیە لە نێوان دانیشتنەکانی لووتکەکەدا، لایەنە دانوستانکارەکان دەربارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، گفتوگۆ بکەن، بەڵام هیچ گفتوگۆیەکی دووقۆڵی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، ئەنجام نادرێت.
ناسر کەنعانی، جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ کاتێک ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان هەڵنەستاوە و هەمیشە دانوستانی وەک رێگایەکی ژیرانە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بینیوە.